
د.مەحمود عوسمان كەسایەتی سیاسی كورد دەڵێت، هەوڵی تیرۆر كردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوەڕوان كراو بوو، پێشی وایە دۆخی عێراق خراپە و خراپتریش دەبێت.
مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمریكای وتووە، ئەوەی لە عێراق روویدا هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك وەزیران چاوەڕوانكراوبوو، چونكە دوو ساڵە بە ئاشكرا ئەو گروپە چەكدارانە هەڕەشە لە كازمی دەكەن بەڵام حكومەت هیچی بەرامبەر نەكردون و هەموو كەس وای بۆ دەچێت ئەوان بن، ئێستا ئەو چەكدارانە لە دەوڵەتیش بەهێزترن.
وتوشیەتی، ئەوەی روویدا هەوڵی كودەتا نەبووە، چونكە ئەگەر كازمیش بكوژن هیچ نابێت، خۆی هەر ئێستا سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرە، هەموو جارێ ئەو لایەنانە ئەو كارانە دەكەن و دەڵێن لایەنی سێییەمە، ئاخر مەگەر لایەنی سێیەم كێییە؟ ئەم قسانە هەمووی بۆ داپۆشینە، گرنگ ئەوەیە حكومەتی عێراقی بەهاوكاری ئەمەریكا لێكۆڵینەوەی ورد لەم هەوڵە بكەن و ئەو گروپانەی كردویانە سزای بدەن و چەكیان بكەن.
ئەو كەسایەتیە سیاسیە پێشی وایە، حكومەتی عێراق لاوازە و ئەو گروپانە ئێرانیان لەپشتە و ئێرانیش رۆڵی زۆرە لە عێراق، دۆخی وڵات خراپە و خراپتریش دەبێت، چونكە لێكتێگەیشتن نیە لە نێوان گروپ و لایەنەكان، ئەو گروپانەی سەر بە ئێرانن لە هەڵبژاردن كورسییان كەم هێناوە و قبوڵی ناكەن و دەڵێن لە هەڵبژاردن ساختەكاری كراوە، جا ئیتر نازانرێت دۆخەكە بەرەو كوێ دەڕوات.


