
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقی راگەیاندو گرتەی ڤیدۆیی ئەو هێرشە درۆنییەی بڵاوكردنەوە كە بەرەبەیانی رۆژی 7-11 كرایە سەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی عیراق.
قاسم ئەلئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: هێرشەكە بە دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كراونەتە سەر ماڵی كازمی و دوو موشەكی تەقاندوە كە لە پێكهاتەی سیفۆڕبون و دروستكراوی ناوخۆیین، یەكێكیان نەتەقیوەتەوەو لە ئەنجامی پشكنیندا چەند بەڵگەیەكی دەستكەوتوە كە سودی گەیاندوە بە لیژنەی بۆ لێكۆڵینەوە.
ئەعرەجی وتیشی: بەداخەوە تیمی پوچەڵكردنەوەو بەڵگەی تاوان سەرەتا نەیانتوانی بەئەركی خۆیان هەستن و پەنجەمۆرۆ بەڵگەكان كۆبكەنەوە بۆیە دەستگیریانكردون و رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون چونكە ئەركی لێكۆڵینەوە ئەوەیە بگاتە راستییەكان بۆیە دواتر لیوا سەباح شمبلی كە بەڕێوەبەری پوچەڵكردنەوەی بۆمبە لە وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی تایبەتدا بەشداری كرد.
لەبەشێكی تردا قاسم ئەلئەعرەجی وتی: تائێستا هیچ كەس و لایەنێك تۆمەتبار ناكەن بە ئەنجامدانی هێرشەكەو بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەكانیان بۆ گەیشتن بە راستییەكان و پەنایان بۆ هیچ لایەنێكی بیانیش نەبردوە تا هاوكاریان بكات، بەڵام ئەگەر پێویست بكات پەنا بۆ وڵاتانی دۆست دەبەن تا هاوكاریان بێت، بۆیە داوا لە هەموو كەسێك دەكەن كە بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدابێت هاوكاری لیژنەكە بكات و ئەركی نیشتمانی خۆی راپەڕێنێت، سەرۆك وەزیرانیش داوای لێكردون بە پیشەیی و بێلانەنانە كارەكان بكەن.


