
لە خۆپیشاندانی كوردانی هۆڵەندا دژی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن توركیاوە لە هەرێمی كوردستان، 4 خۆپیشاندەر و 2 ئەندامی هێزەكانی پۆلیس بریندار بوون و 50 كەسی تر دەستگیر كران.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، ژمارەیەك كورد لەبەردەم رێكخراوی قەدەغە كردنی چەكی كیمیاوی لە شاری لاهای هۆڵەندا خۆپیشاندانێكیان ئەنجاداوە.
رونیشكراوەتەوە، خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە بچنە ناو بارەگای رێكخراوەكەوە بەڵام لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە رێگریان لێكرا، بەهۆی ئەوەشەوە پێكدادان دروست بووە و 4 خۆپیشاندەر و 2 ئەندامی هێزەكانی پۆلیس بریندار بوون، هەروەها 50 خۆپیشاندەریش دەستگیر كراون.
لای خۆشیەوە پۆلیسی لاهای بڵاویكردووەتەوە، لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە و دەستگیر كراوان گواستراونەتەوە بۆ بارەگای پۆلیس.
لای خۆشیانەوە هەریەكە لە وڵاتەكانی بەریتانیا و كەنەدا نیگەرانی خۆیان لەو رووداوە راگەیاندووە و دەستخۆشیان لە پۆلیسی هۆڵەندی كردووە بۆ رێگەگرتن لە هەڵكوتانە سەر بارەگای رێكخراوی قەدەغە كردنی چەكی كیمیاوی و جەختیان لەوەش كردووەتەوە، هەر بەڵگەیەك لەسەر بەكارهێنانی ئەو چەكە هەبێت پێویستە لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە پێشكەشی رێكخراوەكە بكرێت.

