
سیپان شێروانی پاڵێوراوی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی عیراق دەڵێت، پێشبینی دەكات لە یەكەم كۆبونەوەدا سەرۆك و جێگرانی پەرلەمانی عێراق هەڵنەبژێردرێن، چونكە هێشتا رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا نەكراوە.
سیپان شێروانی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، بە گوێرەی ماددەی 54ی دەستوری عیراق دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، بۆ ماوەی 15 رۆژ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، لە ئێستاشدا مەرسومی كۆماری بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم كۆبونەوە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەرچووە.
باسی لەوەش كردووە، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی دەكات و لە هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانتارانی سەركەوتوو سوێندی یاسایی دەخۆن، هەر بە گوێرەی دەستوور لە یەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆك و جێگرانی پەرلەمان دیاری دەكرێن.
ئەو پاڵێوراوە سەركەوتووە پێشبینی ئەوەش دەكات، لە یەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆك و جێگران هەڵنەبژێردرێن، چونكە هێشتا رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا نەكراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، هەرچەندە لێكتێگەیشتن هەیە بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی، لەبەر ئەوەش كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی دەمێنێتەوە.


