
عەمار حەمەد خەڵەف پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق رەتیدەكاتەوە گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكرێت و دەشڵێت، سیاسەتی نەختینەیی تەنها لەدەسەڵاتی بانكەكەدایە.
عەمار حەمەد خەلەف بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆی زیادبوونی یەدەگی دراوی بیانی كە ساڵی رابردوو و ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشوو گەشەكردنێكی بێپێشینەی بەخۆوە بینیوە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو گەشەكردنە بەهۆی وەبەرهێنانە جۆراوجۆرەكانی بانك و بەڕێوەبردنی بووە بەپێی سیاسەتێكی نەختینەیی دوور لە مەترسی.
سەبارەت بە ئەگەری كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختی لەوە كردووەتەوە، سیاسەتی نەختینەیی لە دەسەڵاتی بانكەكەدایە و گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا ناكرێت.

