
رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوی عێراق و پێکهێنانی حکومەت رێککەوتنێکی (13) خاڵییان واژۆکردوە، کە ناوەڕۆکی سەرجەم خاڵەکان باس لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق، حکومەتی زۆرینە و دادگایكردنی گەندەڵكاران دەکات، لە هیچ خاڵێکیشدا بەتایبەت باس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەکراوە
لەماوەی ساڵێکدا دەستور هەموار بکرێتەوە
لەرێککەوتنەکەدا کە بەناوی هەردو فراکسیۆنی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان نوسراوە ئاماژە بەوەکراوە، هەردولا كاردەکەن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیەك بۆ هەمواری دەستور لە پەرلەمان، ئەویش بەگوێرەی میكانیزمە دەستورییەكان لەماوەیەكدا كە لە ساڵێك زیاتر تێپەڕنەکات، هەروەها كاربکرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەقە دەستوریو یاساییانەی كە بەهای ئەخلاقییەكان دەپارێزن.
هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی پێكهاتە دەوڵەتییەكانن
باس لەوەشکراوە، هەردولا پشتیوانی دەکەن لە كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی پێكهاتە دەوڵەتییەكانن و تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەگەڵ پێویستی لەبەرچاوگرتنی كۆنترۆڵكردنو رێكخستنی حەشدو پاككردنەوەی لەخەڵكانی ناپابەندو هێشتنەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.
پەرلەمان پرۆژەیاساكانی ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوتو غاز پەسەند بکات
لەخاڵێکی دیکەی رێککەونی نێوان رەوتی سەدر و پارتیدا باس لە داهاتەکانی دەوڵەت کراوە و ئەوەخراوەتەڕو، پرۆژەیاساكانی (ئەنجومەنی فیدراڵی، ئاوەدانكردنەوە، نەوتو غاز) بکرێنە کاری لەپێشینەی پەرلەمان، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردنو جێبەجێكردنی یاسای دەستەی گشتی بۆ گرەنتیكردنی مافی هەرێمو پارێزگاكان ژمارەی (26)ی ساڵی 2016.
دەقی رێککەوتنی نێوان رەوتی سەدر و پارتی:
لەئێستادا ئەوە ئاشکرایە کە عێراق بوەتە دیلی گەندەڵیو وابەستەیی، بەبێ یەكخستنی ئیرادەی ئازادو توانای فەراهەمكردنی بنەمایەكی نیشتمانی پتەو، دەرچون لەم قەیرانە درێژخانەی كە ئاڕاستەكانی پرۆسەی سیاسی كۆنترۆڵ كردوە، بونی نییە، بۆ دەربازكردنی وڵات لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گشتگیر كە دەكرێت دوبارە بەها بۆ بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەكان بگەڕێنێتەوە، لەرێگەی تەواوكردنی بنیادنانی دەوڵەتو دەزگاو دامەزراوە دەستورییەكانو گەڕاندنەوەی شكۆ لە هەمو گۆڕەپانو بوارەكاندا، ئەمەش بەدی نایەت، بەبێ رزگاركردنی ئیرادە نیشتمانییەكەیو پاكتاوكردنی هەمو ئەو شتانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانیدان لەچوارچێوەی دەستورو بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانو بەهێزكردنی رۆڵیان و دەستوەرنەدان لەکاروبارەکانیان.
لەم بارەیەوە و ئەوەی بۆ قۆناغی داهاتو پێویستە کاری بۆ بکرێت، بریتییە لە:
یەكەم: دوای واژۆکردن لەسەر ئەم یاداشتە، كرانەوە بەڕوی هەندێك لەو هێزە سیاسییانەی كە ئامادەن پشتیوانی ئەم یاداشتە بكەن بە بنەما سەرەكییەكانیو هەر شتێك كە ناوەڕۆكەكەی دەوڵەمەند بكات، بەمەرجێك هەموان پەنا بۆ دەستورو ئەو ئیرادە میللییە ببەن كە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرجەستەی كردوە.
دوەم: رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی بۆ رزگارییو گۆڕانكاریی، كە بنكەكەی زۆرینەی نیشتمانییەو باوەڕی هەیەو پشتیوانی هەر شتێك دەكات بۆ رزگاركردنی وڵات لە بەڵای تائیفیەتو رەگەزپەرستی، ئەمەش لەڕێگەی كاری هاوبەش بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی بەئاڕاستەی بنیادنانو گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەوڵەت.
ئەو لایەنانەی كە واژۆ لەسەر ئەم یاداشتە دەكەنو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بەرپرسیاریەتی پێكهێنانی حكومەتو گەرەنتیكردنی بەردەوامبونو پێشكەشكردنی پاڵپشتیو لێپرسینەوە لە حكومەتەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ لەچوارچێوەی دەستوردا، بەبێ دەستوەردانی راستەوخۆ لە كاروبارەكانیدا، ئەوان بەرپرسیارن لە سەركەوتن یا پەككەوتن یاخود شكستهێنانی.
سێیەم: رێزگرتن لە بنەمای بونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە پەرلەمان كە چاودێری دەزگای حكومییەكانو دامەزراوەكان لەئەستۆبگرێت.
چوارەم: كاركردن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیەك بۆ هەمواری دەستور لە پەرلەمان، بەگوێرەی میكانیزمە دەستورییەكانو پێداویستییەكانی، لەماوەیەكدا كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت.
پێنجەم: سەرپەرەشتیكردنی جێبەجێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنی كە لەنێوان هەردولادا بڕیاری لەسەر بدرێت.
شەشەم: پابەندبونی عێراق بە سیاسەتی دژایەتیكردنی زایۆنیزمو بەتاوان ناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
حەوتەم: كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەقە دەستوریو یاساییانەی كە بەهای ئەخلاقییەكان دەپارێزن، لەگەڵ حەرامكردنی هەر شتێك كە لادانو رەفتاری پێچەوانەی ئادابی گشتیو تایبەت دروست دەكات.
هەشتەم: رێزگرتن لە شكۆی دەوڵەتو دامەزراوەكانی، بەتایبەتیش دەسەڵاتی دادوەرییو رێگریكردن لە دەستوەردانی حزبو كوتلە سیاسییەكان لە هەمو ئەو شتانەی كە پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتو دەزگاكانییەوە.
نۆیەم: پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارە حكومییەكانی عێراق لە هەردو كاروباری ناوخۆییو دەرەكی، لە هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی.
دەیەم: شكۆ و ئامادەیی بۆ پێكهاتەی هێزە ئەمنییەکان بگەڕێندرێتەوە و گەشەیان پێبدرێت، كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی پێكهاتە دەوڵەتییەكانەوەنو تێكەڵكردنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەگەڵ پێویستی لەبەرچاوگرتنی كۆنترۆڵكردنو رێكخستنی حەشدو پاككردنەوەی لەخەڵكانی ناپابەند.
یانزەیەم: عێراق وڵاتێكی سەربەخۆو خاوەن سەروەرییە، بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە، بەمشێوەیە كاردەكرێت:
ا- رێكخستنی پەیوەندییە دەرەكییەكانو فەراهەمكردنی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی تردا.
ب- بەهێزكردنی رۆڵی باڵیۆزخانەكانی عێراقو ئامادەكردنیان بۆ نوێنەرایەتیكردنی عێراق بەجۆرێك شایەنی پێگەو رۆڵی عێراق بێت.
ج- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی پاسپۆرتی عێراق وەكو ئەوەی پێشتر هەبوە، بەجۆرێك لەناو هاوشێوەكانیدا رێزلێگیراو بێت.
دوانزەیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا كە دەسەڵاتێكی فراوانی هەبێت، بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ وردبینیكردنو لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی حكومەت لە ساڵی 2003وە بۆ ساڵانی دواترو لێپێچینەوە لەوانەی كەمتەرخەمو گەندەڵ بون بە رێوشوێنی توندو رون.
سیانزەیەم: پێشكەشكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە بۆ بەرژەوەندی گشتی پێویستن بە پەرلەمانی عێراق و تەواوكردنی بنیادنانی دامەزراوە دەستورییەكان لەوانەش پرۆژەیاساكانی (ئەنجومەنی فیدراڵ، ئاوەدانكردنەوە، نەوتو غاز)، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردنو جێبەجێكردنی یاسای دەستەی گشتی بۆ گرەنتیكردنی مافی هەرێمو پارێزگاكان ژمارەی (26)ی ساڵی 2016و یاسای دەستەی گشتی چاودێریی تەرخانكردنی داهاتە فیدراڵییەكان ژمارە (55)ی ساڵی 2017.

