
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد، دوای روداوێكی هاتووچۆ و پشكنین و لێكۆڵینەوە، بڕێك ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و شۆفێرەكە و 3 سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە دەستگیر كراون كە بە رەگەز عەرەبن.
پۆلیسی ڕاپەڕین لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئەوەی لەلایەن بنكەی پۆلیسی بتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوێكی هاتووچۆ كرایەوە، دوای پشكنینی ئۆتۆمبێلەكە بڕێك ماددەی هۆشبەر دۆزرایەوە.
ئەوەش هاتووە، هەریەك لە شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سەنی دەستگیركران كە چوار كەسن و سەرجەمیان بە رەگەز عەرەبن و دانیشتوی بەغدان و لە پۆلیسی دوكان داواكراوبوون بوون بە یاسای ماددە هۆشبەرەكان.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەروەها هەندێك كارتی نشینگە لەناو ئۆتۆمبێلەكە دۆزراوەتەوە كە گومانی ساختەیان لێ دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە بڕیاری دادوەر نێردران بۆ ئاسایشی سلێمانی بۆ دڵنیابوونەوە.

