
مایكڵ ڕۆبن
ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵه وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رێگه‌یداوه ترسى له بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كاربكاته سه‌ر داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى له عێراق.
له ساڵى 2018 كاتێك هه‌ڵبژاردن له عێراق ئه‌نجامدرا هاوشێوه‌ى ئێستا چه‌ندین مانگى خایاند تاوه‌كو سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌ڵبژێردران. له ئێستادا هێزه سیاسییه‌كانى عێراق له پشت په‌رده‌وه سه‌رقاڵن به بابه‌تى سیاسى، له‌كاتێكدا دیپلۆماتكاره‌كانى ئێران و ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن ئه‌و كاندیدانه ببه‌نه پێشه‌وه كه هاوپه‌یمان و هاوسۆزى ئه‌وانن و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان رێده‌كه‌ن.
له‌كاتى قه‌یرانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ له ساڵى 2018 برێت مه‌كگۆرگ، نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بوو له هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش. به‌هۆى ئه‌زموونى كاركردنى له عێراق و په‌یوندییه فراوانهكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق سه‌رۆك تره‌مپ و مایك پۆمپه‌یۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا پشتیان پێبه‌ستبوو له داڕشتنى سیاسه‌تى ئه‌مریكا له عێراق. له‌و كاته‌دا ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌وروپییه‌كان، عه‌ره‌ب و ئێرانییه‌كان سه‌رجه‌میان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه به‌رهه‌م ساڵح به‌تواناترین و له‌ڕووى سیاسییه‌وه گونجاوترین كاندیده بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمارى عێراق، به‌ڵام مه‌كگۆرگ داواى له كهساسییهكانى عێراق كرد كه فوئاد حسێن هه‌ڵبژێرن. ده‌ستكه‌وت و تواناكانى فوئاد حسێن زۆر سنووردار بوون و عێراقییه‌كانیش خۆیان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. به وته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له كۆبوونه‌وه‌كاندا بوونیان هه‌بووه، هۆكارى مه‌كگۆرگ بۆ داواكارییه‌كه‌ى ئه‌وه بووه كه هه‌ڵبژاردنى هه‌ر كه‌سێك جگه له پیاوه‌كه‌ى بارزانى ده‌بێته هۆكارى ئه‌وه‌ى بارزانى پشێوى له سنوورى عێراقدا بنێته‌وه. له راستیدا ئه‌مه خه‌م و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره نه‌بووه له‌و كاته‌دا، چونكه ساڵێك به‌رله‌وه مه‌سعود بارزانى، هۆشیار زێبارى خاڵى و مه‌سرور بارزانى كوڕى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییان له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ئه‌نجامدا.
بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێمه رێگه‌یداوه ئه‌و ترسه‌ى كه له ماڵى بارزانى هه‌یه‌تى ببێته هۆكارى داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له عێراق. به‌شێك له به‌رپرسانى رابردوو و ئێستاى حكومه‌تى ئه‌مریكا پێگه‌ى خۆیان له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و به‌رگریی له به‌رژه‌وه‌ندى ماڵى بارزانى به‌كارهێناوه له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیان. چه‌ندین دیپلۆماتكار و به‌رپرسى سه‌ربازى تر‌ى ئه‌مریكا له‌م كاره‌وه تێوه‌گلاون كه ده‌یڤێد پێترایۆس، فه‌رمانده‌ى هێزى 101ى ئاسمانى یه‌كێكه له‌وانه.
له‌كاتێكدا كه به‌رپرسه‌كانى تر‌ى عێراق له به‌غدا چاویان به به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام بارزانى داوایان لێده‌كات سه‌ردانى بكه‌ن له كۆشكه‌كه‌یدا كه ده‌كه‌وێته سه‌ر شاخه‌كان له ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر. بابه‌ته‌كه واده‌رده‌كه‌وێت كه بارزانى وایكردووه ئه‌مریكییه‌كان حسابى بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ته‌نیا بۆ ئاسووده‌كردنى ئیگۆ و هه‌ستى خۆبهبهرپرس زانینى بارزانییه.
ئه‌م جۆره له حساب كردن بۆ بارزانى سوود به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا ناگه‌یه‌نێت. رووسییه‌كان سوود له نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینن. مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى رێگه‌یان خۆش كردووه بۆ ئۆپراسیۆنه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران. مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانیش له‌نێو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكادا به‌وه ناوبانگى ده‌ركردووه كه هه‌میشه داواى مافى نیشته‌جێبوون ده‌كات له ئه‌مریكییه‌كان بۆ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و كه‌سه نزیكه‌كانى له ئه‌مریكا.
ئه‌م جیاوازیكردنه هیچ سه‌قامگیرییه‌كى هه‌رێمى دروستنه‌كردووه. دوو سه‌ده له‌دواى كه‌وتنى رژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن تاوه‌كو ئێستا عێراق پێویستى به به‌هره‌ى نوێ هه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى. دهسڵاتخوازییهكانى ماڵى بارزانى و به‌ده‌مه‌وه هاتنهكانى ئه‌مریكا بۆ ئه‌م دهسهڵاتخوازییهیان وایكردووه ئه‌م بههرهمهنییده نه‌دۆزرێته‌وه، چونكه بووه‌ته هۆكارى ئه‌وه‌ى وا دهربكهوێته كه ته‌نیا بارزانییه‌كان تواناى ئه‌م كاره‌یان هه‌یه. یه‌كێك له نمونه‌كانى ئه‌م بابه‌ته بریتییه له‌و رووداوه‌ى كه له‌سه‌ر سنوورى بیلارووسیا روویدا. له مانگى تشرینى دووه‌مى 2021 چه‌ندین هاووڵاتى كورد چوونه بیلارووسیا و زۆرێكیشیان له‌وێ مردن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یانویست له‌وێوه سنوورى پۆڵه‌ندا ببڕن و بچنه ئه‌وروپا. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ندین كورد له كه‌ناڵى ئینگلیز خنكان ته‌نیا مانگێك له‌دواى رووداوى یه‌كه‌م. ئه‌مانه له شه‌ڕ رایاننهدهكرد، به‌ڵكو له گه‌نده‌ڵییه‌كانى رژێمه‌كه‌ى بارزانى رایانده‌كرد. ئه‌م خێزانه ئه‌وه‌نده گه‌نده‌ڵن كه ته‌نانه‌ت پشتیوانهكانى موقته‌دا سه‌در كه به‌وه ناسراون زۆرینه‌ى كات له گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌ده‌گلێن ره‌خنه له سه‌در ده‌گرن كه هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ بارزانى پێكهێناوه، چونكه پێیانوایه بارزانى گه‌نده‌ڵه.
ئه‌گه‌ر له گۆشه‌یه‌كى پێچه‌وانه‌وه سەیرى بابهتهكهبكهین، ئه‌وه روونه كه له ساڵى 2003ه‌وه تاوه‌كو ئێستا هه‌ر پشتیوانییه‌ك بۆ خێزانى بارزانى جا له به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بووه‌ته هۆكارى دروستكردنى ئارامى له عێراق. چه‌ندین هۆكار هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ره‌خنه له به‌رهه‌م ساڵح بگیرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه خه‌ڵكى شاره‌كه‌ى خۆشى (سلێمانى) ره‌خنه‌یان لێگرت و ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا، به‌ڵام له كۆتایدا ئه‌مریكا به بهختبوو كه ساڵى 2018 پشتیوانییه ژێربهژێرییهكانى مه‌كگۆرگ بۆ بارزانى شكستیان هێنا، چونكه مه‌حاڵبوو فوئاد حسێن بتوانێت عێراق به‌و هه‌موو قه‌یران و خۆپیشاندان و كێشانه‌ى دواى كوژرانى قاسم سلێمانى وبڵاوبووهنهوهى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ڕێوه‌به‌رێت. هه‌رگیزیش نه‌یده‌توانى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى عێراق به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجامیدا. له هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر، هه‌رگیز لایه‌نگره‌كانى بارزانى به چاوێكى راستگۆییانه سه‌یریان نه‌كراوه له‌لایه‌ن مه‌زهه‌ب، كه‌سایه‌تى و سیاسى و چینه‌كانى تر‌ى عێراقه‌وه.
له ئێستادا برێت مه‌كگۆرگ، ئه‌لینا رۆمینۆویسكى، باڵیۆزى تازه هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا له عێراق و به‌رپرسانى تر له كۆشكى سپى، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه، وه‌زاره‌تى به‌رگریی (پێنتاگۆن)، ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندیى (CIA) كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى عێراق خۆى سه‌قامگیر بكات و بكه‌وێته سه‌ر رێڕوێكى ئابوورى سه‌قامگیر. له‌م كاته‌دا پێویسته رێگه‌نه‌ده‌ن كه ترسیان له بارزانى ببێته هۆكارى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له داهاتووى عێراقدا بكه‌ونه مه‌ترسییه‌وه. كاتى ئه‌وه‌یه رێگه به بارزانى بدرێت خانه‌نشین بێت، ئه‌و شوێنه‌ى كه شوێنى راسته‌قینه‌ى خۆیه‌تى.

