
دادگای تاوانەكانی كەركوك سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا سەپاند، ئەوەش بەشێوە ئامادەنەبوو.
بەپێی بڕیارێكی دادگای تاوانەكانی كەركوك، بەشێوەی ئامادەنەبوو سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر رێبوار تاڵەبانیدا سەپێنراوە، هەروەها گەشتكردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە كراوە.
بەپێی بڕیارەكەی دادگا، هەركەسێك بە كارێكی حكومەتی راسپێردرابوو، بەڵام زیانی بە دامودەزگاكانی حكومەت گەیاند، ئەوا زیندانی دەكرێت بە شێوەیەك لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت، دادگاكە ناوبراویشی بە تۆمەتباری هەڵاتوو ناوبردووە.
لە بڕیارەكەدا ئەوەش هاتووە، فەرمانی دەستگیر كردن بۆ ناوبراو دەركراوە و پێویستە ئاگادار بكرێتەوە تاوەكو خۆی رادەستی دادگا یاخود نزیكترین بنكەی پۆلیس بكات و دەتوانێت تانە لە بڕیارەكە بدات، هەروەها دەستەبەسەر سەرجەم پارە گواستراوە و نەگواستراوەكانی دەگیردرێت، تەنها ئەوانە نەبێت كە بەپێی یاسا ناتوانرێت دەستی بەسەردا بگیردرێت.


