
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ئەوەی خستەڕوو کە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا، دەتواندرێت ئەو بەندەرانە بەکاربهێندرێن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادان و رایگەیاند: “گەرەنتی پاراستنی هەر کەشتییەک دەکەین کە لەم بەندەرانە نزیک ببێتەوە، رێگای هاتنە ناوەوەی کەشتییە بیانییەکان بۆ هەموو ئاراستەکانی دەریای ئازوف و دەریای رەش، دەستەبەر دەکەین”.
پوتین، لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی “Rossiya-24” باسی لە هەناردەکردنی دانەوێڵە و قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کرد.
سەرۆکی رووسیا، ئەمریکای بە بوونە سەرچاوەی کێشەکانی بواری خۆراک، تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: “لە شوباتی ٢٠٢٠ەوە تا کۆتایی ٢٠٢١، کە دەکاتە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، خستنە بازاڕی دراو لە ئەمریکا ٥،٩ تریلیۆن دۆلار، زیادیکردووە. ئەمە کارکردنی چاپخانەیەکی بێهاوتایە. بەمەش خستنە بازاڕی دراو بە رێژەی سەدا ٣٨،٦ زیادیکرد”.
پوتین، ئاماژەی بەوەشدا کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەم هەڵەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک.
ناوبراو، رەخنەشی لە هەنگاوەکانی ئەورووپا لە بواری وزەدا گرت و رایگەیاند: “لەگەڵ زیادبوونی نرخی غاز، نرخی ئەو پەینەش بەرزبووەوە کە لە غاز، دروست دەکرێت. ئێمە هۆشداریمان دابوو لەوەی کە ئەمانە روودەدەن، ئەمانەش پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر هەرێمی دۆنباس، نییە”.
ڤلادیمیر پوتین، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە رووسیا و بێلاڕووس لە بازاڕی پەیندا پشکی سەدا ٤٥یان هەیە و گوتیشی: “ئەمە قەبارەیەکی زەبەلاحە. کاتێک ئەوە ئاشکرا بوو کە چیتر پەینی وڵاتەکانمان لە بازاڕەکانی جیهاندا نامێنن، راستەوخۆ نرخی پەین و خۆراک، بەرزبووەوە، چونکە ئەگەر پەین نەبێت، کشتوکاڵیش ئەو بەرهەمەی نابێت”.
سەرۆکی رووسیا، ئەوەشی دووپاتکردەوە کە هەموو قۆناغەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و رایگەیاند: “رووسیا هیچ پەیوەندییەکی بەمەوە نییە. هاوپەیمانەکانمان کۆمەڵێک هەڵەی زۆریان ئەنجامدا و لە ئێستاشدا دەگەڕێن بەدوای یەکێکدا تا تاوانباری بکەن، بێگومان بۆ ئەم مەبەستەش رووسیا باشترین بەربژێرە”.
– پێشنیازکردنی بێلاڕووس بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا
پوتین، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا، رێگای جێگرەوەی جیاواز هەن کە هەرزانترین و ئاسانترینیان رێگای بێلاڕووسە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا کە رێگا جێگرەوەکانی دیکەش بەندەرە لە مین پاککراوەکانی ئۆکراینان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادان.
ڤلادیمیر پوتین، باسی لەوەشکرد کە دەتواندرێت هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا، لە رێی ئەو بەندەرانەوە ئەنجام بدرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادان و رایگەیاند: “گەرەنتی پاراستنی هەر کەشتییەک دەکەین کە لەم بەندەرانە نزیک ببێتەوە، رێگای هاتنە ناوەوەی کەشتییە بیانییەکان بۆ هەموو ئاراستەکانی دەریای ئازوف و دەریای رەش، دەستەبەر دەکەین”.
– پشکی ئۆکراینا لە هەناردەکردنی دانەوێڵەدا
سەرۆکی رووسیا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە پرسی پشکی ئۆکرینا لە دانەوێڵەی جیهانیدا، زۆر گەورە کراوە و گوتیشی: “لە جیهاندا ساڵانە ٨٠٠ ملیۆن دانەوێڵە، بەرهەمدەهێندرێت. پێشتر ئۆکراینا ٢٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردە دەکرد کە ئەمە دەکاتە سەدا ٢،٥ی دانەوێڵەی جیهان”.


