
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشكرای كرد، بە مەرج بەشداری كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دەكات، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت لە شوێنێكی بێلایەن بێت و بۆ رێككەوتنی كۆتایی بێت.
لەو بارەیەوە هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، سەبارەت بەو هەواڵەی كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە گوایە پارتی و یەكێتی و لایەنە ئیسلامییەكان هەموویان كۆكن و بۆچوونیان لەوەدایە كە سەرۆكایەتی هەرێم لایەنەكان كۆبكاتەوە، وەك جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەموو لایەكی رادەگەیەنن كە ئامادەی هیچ كۆبوونەوەیەك نابن لە سەرۆكایەتی هەرێم.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە، سەرۆكی هەرێم خۆی جێگری سەرۆكی پارتییە و بەشێكە لە قەیرانەكانی هەرێم و تەرەفێكە لە كێشەكانی هەرێم، جگە لە جێگا و شوێنێكی بێلایەن وەكو بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان یاخود هەر شوینێكی تری بێلایەن و بۆ رێكەوتنی كۆتایی نەبێت، ئەوا بەشدار نابن.
بەپێی زانیاریەكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی لێكنزیك كردنەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە كۆبوونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت.

