
جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە لە ئێران دەكات، ئەگەر گەڕانەوە رێكەوتنی ئەتۆمی شكستی هێنا ئەوا ئامادەن هێز بەكاربهێنن.
بایدن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ لەگەڵ تەلەفزیۆنێكی ئیسرائیلی وتویەتی، رێكەوتنی ئەتۆمی باشترین دەرفەتە بۆ رێگەگرتن لە هەوڵەكانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، خراپترین شت ئەوەیە كە ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت، ئەگەر بتوانین بگەڕێینەوە رێكەوتنی ئەتۆمی ئەوا كۆت و بەند دەكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەگەر پێویست بكات ئەوا ئەمریكا هێز بەكاردەهێنێت، ئەگەر ئەوە كۆتا رێگەچارە بێت.
لە ئێستادا جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە گەشتێك گەیشتووەتە رۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەش یەكەم گەشتی لەو جۆرەیە لەو كاتەوەی بووەتە سەرۆكی ئەو وڵاتە.


