
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنەكە كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاماژە بەوەكراوە، گفتوگۆیان كردوە لەبارەی بابەتەكانی پەیوەند بە كارەكانی ئەنجومەن و دانیشتنەكانی داهاتو و پرۆژە یاساكانەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە كە لەو كۆبونەوەیەدا سێ بڕیاریان دەركردوە لەوانە، دەرچواندنی ئەو پرۆژە یاسایانەی پێشتر هەبون و بۆ ئەم خولەی ئێستا بەجێماون، هەروەها تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان كە لەگەڵ داخوازییەكانی قۆناغی داهاتو و بگونجێن، بۆ گفتوگۆكردنی زیاتریش لەسەر داوای جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و كوتلە كوردییەكان تا بگەنە رێككەوتن بڕیاردراوە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانیشتنێكی هاوشێوەی ئەنجامبدەنەوە..
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە بڕیاریانداوە كە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە وەرزی دوەمی یاسادانانیدا هەفتەی داهاتوو دەستپێدەكەنەوەو مانگانە 8 دانیشتن ئەنجامدەدەن و كارنامەكانیان رادەگەیەنرێت.


