
خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەموولایەك دەزانین كە 1ی 10 هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ناكرێت، تەنانەت ئەمساڵ زەحمەتە هەڵبژاردن بكرێت.
خەسرۆ گۆران بە دەنگی ئەمریكای وتووە، هۆكاری سەرەكی دواخستنی هەڵبژاردن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، چونكە سەرۆكی پەرلەمان ئامادە نییە هیچ دانیشتنێك بەڕێوەببات كە باسی مەسەلەی كۆمیسیۆن و درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن بكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەبوو راوبۆچوونی لایەنەكان لێك نزیك بكرێتەوە، هەروەها بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت، لە چەند خاڵێكدا بۆچوونی جیاواز هەیە و ئەوەش هۆكاری ئەوەیە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكرێت.
بەرپرسەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، هیچ رێكەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، هەموولایەك دەزانین كە 1ی 10 هەڵبژاردن ناكرێت، تەنانەت ئەمساڵ زەحمەتە هەڵبژاردن بكرێت، هەڵبژاردنەكان دوادەخرێت جا چەند دوادەخرێت؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسیەكانی و دەسەڵاتی ناوپەرلەمان كە بەزووترین كات وادەیەكی تر دیاری بكرێت بۆ هەڵبژاردن.

