
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: تائێستا یەك كاكەیی لەهەموو جیهاندا نەبۆتە داعش، بەڵكو ئەوانەی بونەتە داعش توندڕەوترین موسڵمان بون.
مەلا بەختیار لەبارەی ئەو هێرش و سوكایەتییەكەی ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی بە هاووڵاتییەكی كاكەییان كردبوو لە كەركوك بڵاویكردۆتەوە، دوو رۆژە میدیاكان سەرقاڵی سمێڵو سەرتاشینی پێشمەرگەیەكی كاكەیین، ئەم رەفتارەش لەلایەن سێ كەسی حەشدی شەعبیەوە ئەنجامدراوە لە ئامرلی لای كفری كە ئەگەر بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە نەبوایە شیعەكانی ئەو ناوچەیە تەفروتونا دەكران.
وتوشیەتی: ئەم سێ حەشدی شەعبیەی ئەوەیان كردوە لەبری ئەوەی رێزی كاكەییەكان بگرن كە تاقە كەسێكیشیان نەبونەتە داعشو دەستیان لە رشتنی خوێنی هیچ موسڵمانێكو مرۆڤێك نەژەنیوە چاكەیان بە ئەتك كردن دەدەنەوە، ئەم رەفتارە رەنگدانەوەی پەروەردەی ئەو كەسانەیە ئەنجامیانداوە كە ئەم پەروەردەیە رەگوڕیشەی لەناو عەقڵیەتی فاشیانەدا رۆچوە، بە رای من مشتێك نمونەی خەروارێكە، هەموو كوردێك لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەبێ بزانن كورد لەمە زیاتر بێخاوەن بكەونە بەردەستی ئەم تاقمانە جگە لە تەعریبی بەردەوام ئەتكی بەردەوامیش دەكرێن.
ئەو كاربەدەستو بەرپرسانەی هەڵوێست دەرنابڕن، بێگومان بەرامبەر تاوانی گەورەتریش لەئایندەدا دەستی هەلپەرستیان بەكڵاویانەوە دەگرن، سەرەنجامی بێدەنگی بەرامبەر رەفتاری سەروسمێڵ تاشین، كارەساتی گەورەتری لێدەكەوێتەوە.

