
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆتایی بەكۆبونەوەی ئەمڕۆ 11-10 هێناو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوی بۆ كۆبونەوە دیاریكرد.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆتایی دانیشتنی ئەنجومەنەكەدا رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 13-10 كۆدەبنەوە كە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری داهاتوی عیراق.
پێشتر موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندبو، 170 ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كۆكردۆتەوەو پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردوە داوای دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری داهاتوی عیراق دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش نەگەیشتونەتە رێككەوتن و دوو رێگا لەبەردەمیاندایە، یان دوبارەبونەوەی سیناریۆی 2018 یاخود رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش.

