
واژۆ
ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لێیان لە ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، لەو وڵاتە زیاتر لە 8 ملیۆن و 700 هەزار كەس تووشی ئەنفلۆنزا بوون لەم وەرزەدا و 4 هەزار و 500 گیان لەدەستدانیش بەو نەخۆشیە تۆمار كراون.
ناوەندەكە ئاماژەی بەوەداوە، لەم وەرزەدا تاوەكو ئێستا لانیكەم 8 ملیۆن و 700 هەزار توشبووی پەتای ئەنفلۆنزا تۆمار كراون، لەو ژمارەیەش 78 هەزاریان چاكبوونەتەوە و 4 هەزار و 500 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەمەش یەكێكە لەو وەرزانەی كە توشبووانی پەتاكە زۆر بەرز بوونەتەوە لە سەرجەم ناوچەكانی وڵاتدا، لەناو گیان لەدەستدانەكاندا 14 كەسیان منداڵن.
ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لێیان لە ئەمریكا جەختی لەوەش كردووەتەوە، توشبووان و قوربانیانی پەتای ئەنفلۆنزا لەم وەرزەدا زیاد دەكەن، ئەم هەفتەیەش ژمارەی توشبووان لە هەفتەی پێشووتری زۆر زیادیان كردووە.


