
حزبی شرووقی توركمانی، داوای گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سنووری كەركووك دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو حزبە توركمانی و عەرەبیانەی دژی ئەو هەنگاوەن نوێنەرایەتی پێكهاتەكانیان ناكەن.
لە راگەیەنراوێكدا حزبی شرووقی توركمانی باسی لەوەكردووە: “دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئۆكتۆبەری 2017، دۆخی ئەمنی و سیاسی كەركووك و دەوروبەری ناهەموار بووە و بۆشایی ئەمنیی لەو پارێزگایە دروست بووە”.
حزبی شرووقی توركمانی پێی وایە ئەو حزب و لایەنە توركمانی و عەرەبییانەی دژایەتیی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەكەن، “نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی خۆیان ناكەن و شەرعیەتیان لە گۆڕەپانی سیاسی كەركووكدا نییە، بەڵكو بەپاڵپشتی وڵاتانی دەوروبەر كار دەكەن و بوونەتە مایەی دروستبونی دووبەرەكی و ئاژاوە لەنێوان پێكهاتەكانی كەركووك”.
هەر لە بەیاننامەكەدا، حزبی شرووقی توركمانی جەختی لەوەكردووەتەوە، كە لە پێناو پاراستنی خەڵك و خاكی كەركوك داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دەكەن كار بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بكەن.


