ئەوەی کە زانایانی سەرسامکردووە، خێرایی بڵاوبوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە لە کەمتر لە 4 مانگدا، زیاتر لە 3 ملیۆن کەسی تووشکردووە و 211 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. بۆیە زانایان لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن تاوەکو لە هۆکاری خێرایی کۆرۆنا تێبگەن و ئەو راستییەش بخەنەڕوو کە ئایا کۆرۆنا ڤایرۆسێكی تەواو نوێیە یان بەشێکە لە زنجیرە ڤایرۆسەکانی دیکەی ناسراوی ماوەی رابردوو؟ ئیکۆ هێڵس، گرووپێکی زانستیی تەندروستییە و زیاتر لە 10 ساڵە بە دوای ئەو ڤایرۆسانەدا دەگەڕێت کە مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت لە داهاتوودا ببنە پەتای جیهانی.بەگوتەی ئەو گرووپە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ڤایرۆسێکدا هاوشێوەیە کە لە ساڵی 2013 لە یۆنان دۆزراوەتەوە. کۆرۆنای نوێ بە رێژەی زیاتر لە 96٪ لەو ڤایرۆسە دەچێت. لەو 10 ساڵەدا، ئیکۆ هێڵس کاری لەسەر 15 هەزار شەمشەمەکوێرە کردووە و زیاتر لە 500 ڤایرۆسی جۆراوجۆریان تێدا دۆزیوەتەوە و پێشبینیشدەکات شەمشەمەکوێرە هەڵگری زیاتر لە 15 هەزار جۆر ڤایرۆس بێت. سەرنجی گرووپەکە لەسەر باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و چینە، چونکە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە هۆی راو و فرۆشتنی ئاژەڵەوە بەرکەوتنێکی زۆریان لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیە. ئیکۆ هێڵس لە راپۆرتێکدا بەراوردێک لە نێوان خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتای سارس و پەتای کۆڤید-١٩ دەکات و بڵاوبوونەوەی خێرای کۆڤید-١٩ بۆ کۆمەڵێک فاکتەر دەگەڕێنێتەوە: لەوانە ئابووریی چین فراوانبووە، بۆیە خەڵک دەوڵەمەندترن و توانای گەشتی زەمینی و ئاسمانییان زیاترە. تەنیا لە ماوەی ساڵی نوێی چینیدا، پلانی ٣ ملیار گەشتی ئاسمانی و زەمینی هەبوو. هەروەها خەڵکێکی زیاتر لە چینەوە گەشتی دەرەوە دەکەن. تائێستا کۆرۆنا دەرفەتی بە زانایان نەداوە بە تەواوەتی لە جووڵە و شێوازی بڵاوبوونەوەی تێبگەن، بۆیە نازانرێت کەی و چۆن کۆرۆنا پەکی دەکەوێت و ناشزانرێت ئایا شەپۆلی دووەمی دەبێت یان بەم گوژمە کۆتایی بە هێرشەکانی دەهێنێت. یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤێمبەربوو؛ بەڵام دوای نزیکەی دوو هەفتە، ئینجا حکومەتی چین پێی زانیووە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە دیسێمبەری 2019 پشکنین بۆ کەسێک لە شاری ووهانکراوە و دەرکەوتووە هەڵگری جۆرە ڤایرۆسێکی نوێیە و ڤایرۆسەکە سەر بە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنایە. بەپێی دوایین ئامار تائێستا سێ ملیۆن 64 هەزار و 894 کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 211 هەزار و 609 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و 922 هەزار و 409 کەسیش چاکبوونەتەوە.