رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێز مەلا بەختیار، جەنابت نامەیەکی کراوەت بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەت ناردووەو، دوو خاڵی سەرەکیت خستۆتە ڕوو، کە هەردوکیان جێی تێبینین: ١. بەڕێزت مرۆڤێکی خوێندەواری، بێ ئاگا لەوەی لە نامەکەدا هەڵەی ڕێکاری یاساییت کردووە لە بابەتی چۆنیەتی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان. پێویستە بزانی، کە تا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار هەڵنەگیرێت، دادگا ناتوانێت ڕێکاری یاسایی خۆی بکات، چونگە تۆ نووسیوتە ” ئەگەر سۆران عومەر تۆمەتی پێی بەخشین تەواو مافی خۆتانە لە دادگا شکاتی لێبکەن، دادگا چ بڕیار بدات ئەو کاتە با پەرلەمانی بڕیاری خۆی بدات”. کاک مەلا بەختیار، داواکردنی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە بنەڕەتدا لەسەر داوای دادگابووە، واتە ئەمە ڕێکاری یەکەمی پڕۆسەی لێکۆلێنەوەو دادگاکردنە. وە ئەو داوایەش لەسەر بنەمای بوونی سکاڵایەکەوە هاتۆتە کایەوە. ٢. داوات لە بەڕێز سەرۆکی حکومەت کردبوو، کە جەنابیان با سەرقاڵی پێدانی مووچە بێت و، شەفافیەت زێدە کەن، گەندەڵی چارەسەر کەن!. جەنابت دەرفەتی پارێزبەندی پەرلەمانتارێک، کە تۆمەتی کەیسی “خێلی حەمە”ی هێشتان لە ملدایە، قۆزتۆتەوە، تا لە نامەکەتدا بە ناڕاستەوخۆ بە خەلکی کوردستان بڵێی، من لە خەمی مووچەو قووتی ئێوەم!، وە زۆر پەرۆشم بۆ پرسی بە شەفافکردنی دامودەزگاکانی حکومەت. حکومەتێک کە حزبەکەتان تێدا شەریکی بنەڕەتییە، وە لە ئیدارەکەی سلێمانیش تاقمێک لە حزبەکەتان حاکمی پاوانخوازە!. لەگەڵ ئەوەشدا قەیناکە من لاریم نیە، وەلێ کەمێک بە ویژدانیشەوە با بێژین ئەرێ کێی هۆکاری سەرەکی بڕینی مووچەی هەرێم بوو لەسەردەمی نووری مالکیدا؟ کێی پێشنیاری کرد؟. ئەی لە ئێستەدا ئاگات لێنیە ئەکڕادە عێڕاقچییە ناو حزبەکەی جەنابت و، چەند حزبێکی تر کە لە پەرلەمانی عێڕاقن، شەو ڕۆژیان خستە سەر یەک تا جارێکیتر بەدەردی جاران قووتی مووچەخۆری هەرێم ببڕن؟. پێم خۆشبوو جەنابت باسیکیشت لە داهاتی ناوخۆ سنووری سلێمانیت کردایە، کە چۆن گەندەڵی پێوە دەکرێت و، فەرهود دەکرێت؟. خۆ ئەگەر ئەو پارەش بێتەوە خەزینەی حکومەت، وەزارەتی دارایی باشتر دەتوانێت مووجە دەستەبەر کات. لەگەڵ حورمەتم