خاوەنی ترشیاتی بەرەكاتی موسڵ لە شاری هەولێر دەڵێت “بەهۆی ئەوەی رۆژێك بەر لە مانگی رەمەزان كەرەنتین هەڵگیراوە، بۆیە ئامادەكاری پێویستمان نەكردووە و دروستكردنی ترشیاتیش پێویستی بە كاتە بۆیە ترشیاتی ئەمساڵ كەمترە و لە ئاست داواكاری خەڵكدا نییە”.
یەكێك لەو خواردنانەی كە كاتی بەربانگ لە مانگی رەمەزاندا لەسەر سفرەی ماڵەكان دەبیندرێت، ترشیات (تورشی)یە، كە هاووڵاتیان پێش بەربانگ لە نۆرەی كڕینی رادەوەستن و قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەر دوكانەكانی ترشیات فرۆشی دەبیندرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و دواتر خاوكردنەوەی، جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو، خەڵك كەمتر خواستیان لەسەر ترشیات هەیە و ترشیات فرۆشێكیش ئاماژە بەوە دەكات ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆكاری لەدەستدانی سەدا 95ی فرۆشەكانیان.
لە یەكێك لە دوكانەكانی فرۆشتنی تورشی لە هەولێر، كە وەستا و شاگردەكان بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان، ماسك و دەستكێش بەكاردەهێنن، خاوەن دوكانەكە جەخت لەوە دەكاتەوە رەچاوی تەواوی رێنماییە تەندروستییەكانیان كردووە و رایگەیاند بەهۆی كۆرۆناوە تەواوی بازاڕ سست بووە و خواستی هاووڵاتیانیش بۆ ترشیات كەم بوەتەوە.
فەخرەددین یونس خاوەنی ترشیاتی بەرەكاتی موسڵ لە شاری هەولێر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی “بەهۆی ئەوەی كرانەوەی بازاڕ لەناكاو بوو، ئامادەكاریی تەواومان نەكردبوو بۆ پڕكردنەوەی خواستی خەڵك، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك زۆر بە كەمی دێنە بازاڕ كە ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، بابەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەك و پێنەدانی موچە بە فەرمانبەران لەلایەكی دیكە وایكردوە بازاڕ سست بێت و بەراورد بە پار ساڵ بازاڕ تەواو ساردی پێوە دیارە”.
وتوشیەتی “ساڵانە دوو مانگ پێش هاتنی مانگی رەمەزان هەموو ئامادەكارییەكانی خۆمانمان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ، هەر ئێمە نا، بەڵكو هیچ تورشی فرۆشێك نەیتوانیوە ئامادەكارییەكی تەواوبكات، چونكە لانیكەم دەبوو 10 رۆژ پێش هاتنەوەی رەمەزان هەموو شتەكان ئامادەبن، بەڵام ئەمساڵ یەك رۆژ پێش هاتنەوەی مانگی رەمەزان ئاسانكاری لە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ كرا و دوكان و بازاڕەكان كرانەوە، هەر بۆیە بە هیچ رانەگەیشتین”.
خاوەنی ترشیاتی بەرەكاتی موسڵ ئەوەیشی خستوەتەڕو، ئەمساڵ بەهۆی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆوە بەشێكی زۆر لە بابەتەكانیان فڕێداوە و ئەوەش زەرەرێكی زۆری لێیانداوە و لەمبارەیەوە دەڵێت “رەمەزانی ئەمساڵ جیاوازە، بەجۆرێك خواست سەدا 95 كەمی كردووە، ساڵانە كاتی ئەوەمان نەبوو راوەستین، بەڵام ئێستا خواست كەمی كردوە و بێكاربوین، لەگەڵ ئەوەشدا بابەتێكی زۆرمان فڕێداوە بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ راگەیەندرا و دوكانەكانمان داخرابون”.
لە دوكانەكەی فەخرەددین یونس چەند جۆرێك ترشیات هەیە، جگە لە چەندین جۆر زەیتون و سیر و بیبەری تون. لەبارەی جۆرەكانی تورشیشەوە دەڵێت ”تورشی سور، تورشی زەرد، تورشی بە تەمەرهیندی و بە هەنار و تورشی بەدۆشاو و چەندین جۆری دیكەمان هەیە، هەروەها بەپێی خواستی هاووڵاتیانیش دەتوانین تورشی دابین بكەین”.
ئەگەرچی بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكاندا كەمێك بەرزبوەتەوە، بەڵام خاوەنی تورشیاتی بەرەكاتی موسڵ لە شاری هەولێر جەخت لەوەدەكاتەوە ئەگەر بازاڕیان هەبێت ئامادەن نرخەكانیش دابەزێنن و وەك خۆی دەڵێت “دەستكاری نرخەكانمان نەكردوە و وەك خۆیەتی، ئەگەر بازاڕ هەبێت ئەوا ئامادەین نرخەكانش دابەزێنین، بەڵام بازاڕ نییە و وا بڕوات ناتوانین كرێی كرێكارەكانیش دابین بكەین”.
فەخرەددین یونس لەبارەی جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكانیش وتویەتی “رێنماییە تەندروستییەكانمان جێبەجێكردوە و هەموو شتەكان رۆژانە دەشۆین و رەچاوی پاك و خاوێنی دەكەین، بەگشتی ئێستا و پێشتریش خەڵك لێمان رازی بون”.