جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای دەنگۆی راگرتنی موچەی خانەنشینان لەلایەن حکومەتی پێشووەوە، مستەفا کازمی دڵنیاییداوە لە ڕۆژی شەممەوە دووبارە خەرجکردنی موچەکانیان دەستیپێبکرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق وتوێژییان لەبارەی دواکەوتنی موچەی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە کردووە، کازمیش دڵنیاییداوە لەوەی موچەکانیان بۆ خەرجدەکرێت و ئاماژەی بەوەکردووە، “موچەی خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکان و هەموو مانگێک خەرجدەکرێت”. کەعبی باسی لەوەشکردووە، “موچەی خانەنشینان و کەمئەندامان و چاودێری کۆمەڵایەتی و کەمدەرامەتان هێڵی سورە و ڕێی تێناچێت دەستکاری بکرێت، ئەگەر لە هەر دۆخێکدا بێت”. لەلایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە راپۆرتێکیدا ئەوەی خستبووەڕوو، کە حکومەتی عێراقی بیر لەوەدەکاتەوە، لە پێناو روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە ئابورییەی کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهات، بەشێکی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ببڕێت. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لاوازبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، کورتهێنان لە داهاتی عێراقدا دروستبوو، بەو پێیەش کە داهاتی عێراق بە شێوەی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستێت، دابەزینی نرخی نەوت بووە هۆی دروستبوونی کێشە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەراندا، بەڵام حکومەتی عێراق لە ڕێگای چەند پێشنیازێکەوە ئەوەی راگەیاندبوو، کە دەتوانن موچەی پێنج مانگی دهاتووی فەرمانبەران دابینبکەن.