
یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی متمانەی بە مانەوەی پێپ گواردیۆلای ئیسپانی لە ڕاهێنەرایەتی یانەکەی هەیە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خوان لاپۆرتایی سەرۆکی پێشووتری یانەی بەرشەلۆنە لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا بتوانێت پۆستی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە بۆ جارێکی دیکە وەربگرێتەوە، ئەوا هەوڵ دەدات گواردیۆلا بۆ یانەکە بگەڕێنێتەوە.لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی زەسەنی بەڕیتانی پەیوەندی بە چەند کەسێکی نێو کارگێڕی یانە ئینگلیزییەکەوە کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسانی مانسیتی متمانەیان بە مانەوەی گواردیۆلا لە ڕاهێنەرایەتی یانەکەیاندا هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سیتیزن بۆ دوو وەرزی داهاتوو ناتوانێت بەشداری یانە پاڵەوانەکان بکات و لە لایەن یوفا بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسایی دارای خاوێن سزا دراوە. گرێبەستی پێپ گواردیۆلا هاوینی 2021 لەگەڵ مانچستەر سیتی کۆتایی دێت، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی بەرشەلۆنە، بەڵام کارگێڕی مانسیتی ئومێدیان بەوە هەیە ئەو ڕاهێنەرە ئیسپانییە گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە و ماوەیەکی زیاتر لە یانەکەدا بمێنێتەوە.