كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و وەزیری ناوخۆ دەڵێت: “ڤایرۆسەكە هێشتا كۆنترۆڵ نەكراوەو مەترسییەكان بەردەوامن”. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی: “كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی و ئەوقاف و یەكێتی زانایان و پارێزگارەكانی كوردستان نزیكەی 3 كاتژمێری خایاندو ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە هێشتا ریكارەكان بەردەوام بن و توندتریش بن. بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوە كۆكین كە جگە لەوەی خۆمان دەپارێزین بەڵام هێشتا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنامان لەسەر ماوەو هیچ جیاوازییەك كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان هیچ جیاوازییەكی لە ڤایرۆسی وڵاتانی دیكە نییە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان زووتر رێكارەكانمان دەستپێكرد و ئەوەش دەرەنجامی زۆر باشی هەبوو. راشیگەیاند، رێككارەكان لێكەوتەی ئابوری گەورەی هەبوو، چونكە لەناوچەیەك دەژین كە وڵاتانی دەوروبەرمان رێكاری توندیان گرتۆتە بەر و لە عیراق رۆژانە حاڵەتی تازە تۆماردەكرێت و حكومەتی عیراق هەنگاوی تازە دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە كوردستان هەنگاوەكان جدی بوون و بە هاوكاری هەموولایەك تائێستا هاتووین. ئیستاش حكومەت ناتوانێ لەوەزیاتر بكات، دەبێ خەڵك خۆی بپارێزێت، بۆیە داواكارین هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، راستە ئێستا لەسەر شەقامەكان و شوێنەگشتییەكان هیچ رێكارێك نابینرێت بەڵام دەبێ هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن. لەبارەی رێكارە تازەكانی حكومەتیش وەزیری ناوخۆ وتی: “رێككارەكان لە نێوان پارێزگاكان بە رێنمایی دەبێ و بە مۆڵەتیش هاتوچۆ دەكرێت و هاتوچۆی دەروازە سنورییەكانیش توندتر دەكرێت و لە فرۆكەخانەكانیش رێكاری زیاتر دەگیرێت و كەمترین گەشت دەكرێت، هەروەها لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق رێكارەكان توند دەبن و كەمترین هاتوچۆ دەكرێت، سەبارەت بە مزگەوتەكانیش كە كراونەتەوە رێنمایی تازە دەردەچن و مامۆستایانی ئایینی بەرپرسی سەلامەتی گیانی نوێژخوێنانن. لەبارەی هاتوچۆی هاووڵاتیانیش لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان وەزیری ناوخۆ وتی: “هاتوچۆكردن وەستاوەو رێگە نادەین كەس هاتووچۆ بكەن، چونكە ئێمە لەسەرەتا رێگەماندا تەواوی خێزانەكان یەك بگرنەوە”. لەبارەی ئەو لیژنەیەی بۆ ئازادكردنی زیندانییەكان پێكهاتبوو وەزیری ناوخۆرایگەیاند، لیژنەكە كارەكانی خۆی تەواو كردووە و ژمارەیەك زیندانی كە نزیكەی 2900 زیندانی بوو ئازاد كراون و ئەوانەیشی لە بەشی راگرتن بوون ئەوانیش زۆرینەیان داخراون و بۆ سەردانی زیندانییەكانیش لە رۆژانی جەژن هیچ سەردانێك بۆ زیندانییەكان ناكرێت. بەڵام بۆ دوای جەژن هەوڵدەدەین رێكاری تایبەت دیاری بكەین تاوەكو سەردانیكردن دەست پێ بكاتەوە.