وا بڕیارە 13ی ئەم مانگە یارییەکانی خولی ئیتاڵی ناسراو بە سێریا ئای دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی ئاستەنگی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو خولە دروست کردووە.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئەو دوو هۆکارە ئاشکرا دەکەن کە لەوانەیە ڕێگری بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی کاڵچۆ دروست بکەن، ئەوانیش؛
یەکەم – تەنهای یاریگای چوار یانەکانی (یوڤانتۆس، لازیۆ، ڕۆما، پارما) مەرجی تەندروستی پرۆتۆکۆڵەکەی حکومەتی ئیتاڵییان تێدایە، کە دەبێت هەر یاریزانێک و بە تەنیا لە ژوورێکی تایبەتدا بێت.
دووەم – بەپێی پرۆتۆکۆڵەکە، ئەگەر یاریزانی یانەیەک یان ئەندامێکی ستافەکەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ئەوا دەبێت تەواوی تیپەکە کەرەنتینە بکرێن، هەروەها تەواوی ئەو تیپەش کەرەنتینە دەکرێن کە دوایین یاریان لەگەڵدا ئەنجامداوە.
بەڵام لە ئێستادا یانەکانی خولی ئیتاڵی خاڵی دووەم ڕەت دەکەنەوە و لە گفتوگۆدان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کە وەکو خولی ئەڵمانی لێ بکەن و تەنیا تووش بووەکە کەرەنتینە بکرێت.