
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى نه‌ینه‌وا ئاشكرایكرد، توشبونى 95 هه‌زار مریشك به ئه‌نفلۆنزاى باڵنده ته‌ئكیدكراوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه سه‌رجه‌میان سوتێنراون و كراون به‌ژێر خاكه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر دوره‌ید حیكمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى نه‌ینه‌وا رایگه‌یاندوه، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچونه‌وه توشبوى نوێى نه‌خۆشى ئه‌نفلۆنزاى باڵنده له چه‌ندین كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى له پارێزگاكه‌دا تۆماركراون.
ده‌شڵێت “دواى ئه‌وه‌ى دڵنیابوینه‌ته‌وه له توشبونیان، 65 هه‌زار مریشك له كێڵگه په‌له‌وه‌ریه‌كانى قه‌زاى حه‌مدانیه له خۆرهه‌ڵاتى موسڵ سوتێنراون و خراونه‌ته ژێر خاكه‌وه، هه‌روه‌ها 30 هه‌زار مریشكى دیكه‌ش له قه‌زاى تلكێف له باكورى پارێزگاكه به‌هه‌مان شێوه له‌ناوبراون”.
به‌ڕێوه‌به‌رى كشتو‌كاڵى نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شى رونكردوه‌ته‌وه، پرۆسه‌ى سوتاندنى مریشكه‌كان دواى دڵنیابونه‌وه بوه له بونی ئه‌نفلۆنزاى باڵنده له جۆرى H5N8 له‌و كێڵگه په‌له‌وه‌ریانه‌دا.