ـ بارزانی پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانی نەکردووە
ـ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆنابنەوە
ـ یەکێتی سکاڵا لەسەر پارێزگاری دھۆک تۆماردەکات
بژار حەکیم
چەند ڕۆژێکە لە سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە کاک مەسعود بارزانی هاتووەتە سەرخەت و پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی کردووە و چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە، گوایە بارزانی ڕازی بووە کە ڕۆڵی زیاترو پۆستی زیاتر لە حکومەت بدرێتە یەکێتی و ھەروەھا ئاماژە بەوەدراوە کە پارتی و بارزانی مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەکەن و گوایە چەند رێککەوتنێکی نھێنیی کراوە. وەک رۆژنامەنووسێک بەدواداچوونم بۆ ھەواڵەکە کرد، بەپێی زانیارییەکان کە دەستم کەوتووە، بەهیچ شێوەک هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی راستەوخۆ لەنێوان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا نەکراوە لەدوای هاتنەوەی بافڵ تاڵەبانی لەدەرەوەی وڵات ، ھاوکات ھیچ رێککەوتنێکی ئاشکراو نھێنیش لەنێوان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا نەکراوە. بەپێی زانیارییەکان، دوای ھاتنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە دەرەوەی وڵات، بارزانی پەیامێک بۆ بافڵ تاڵەبانی دەنێری و وەک ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی یەکێتی لە قسەکانی هێمن هەورامی و کەمال کەرکووکی وهەندێ بەرپرسی دیکەی پارتی و بەبافڵ تاڵەبانی دەڵێ بڕیارو قسەی کۆتایی لای منە وەک سەرۆک و داواشی لێدەکات زەمینەسازی بکات بۆ کۆبونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی. ئەم قسەیەی بارزانی لەلایەکی دیکە لێکدەدرێتەوە کە قوڵبونەوەی کێشەی باڵەکانی ناو پارتیەو بارزانیش ویستویەتی بەیەکێتی بڵێ هەر هەوڵێک بێ من لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکە سەرناگرێ یان قبوڵکراو نییە وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی برازای. هەر بەپێی زانیارییەکان دواتر لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا، بافڵ تاڵەبانی پەیامی بارزانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی باسدەکات و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی لەو دۆخە پێ باش نەبووەو لایان وابووە کە هەموو ئەو هۆکارانەی کۆبوونەوەکانی دواخست وەک خۆی ماون و هیچ زەمینەسازیەک نیە بۆ کۆبوونەوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی پەیامی سازنەکردنی کۆبوونەوەی نێوانیان بە تەلەفۆن بە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ و پێی گوتووە، کۆبوونەوەەکان دوا بخرێن و ئێستا یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوە نییەو هەرکات گونجاو بوو قسە لەسەر سازکردنی کۆبونەوەکان دەکەین. ئەو پەیوەندییەی بافڵ تاڵەبانی بۆ فازڵ میرانی وەک وەڵامدانەوەی داواکەی بارزانی بووە لە بافڵ تاڵەبانی. هەر بەپێی زانیارییەکان، پرسی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دوای قسەکانی پارێزگاری دهۆک و ناوهێنانی لاهوور شێخ جەنگی وەک هاندەر لەپشتی خۆپیشاندانەکان، مەودای نێوان کۆبوونەوەکانی هەردوولای دوورتر خستەوەو سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو قسانەی پارێزگار بە بەبەرنامە داڕێژراوی باڵێکی پارتی دەزانن، بۆ شکست پێهینانی کۆبوونەوەی پارتی ویەکێتی وبەتایبەتیش هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی. پێشبینیدەکرێ یەکێتی هەم سکالا لەسەر پارێزگاری دهۆک تۆماربکا لەسەر تۆمەتەکانی بەرانبەر بە لاھوور شێخ جەنگی و هەم کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتی تا ماوەیەکی درێژ هەڵپەسێردرێن و دوای جەژنیش یەکێتی لەسەر پرسی ئەو قسانەو سیستەمی حوکمڕانی و پەرلەمان و وەزعی خراپی ئابووری و مووچە قسەی دیکەیان دەبێت.