دکتۆر کەمال سەید قادر
حکومەتە گەندەڵەکەی هەرێم ئەم قەرزە ساختانەی چۆن کردوە؟ چۆتە حسابی کێ، چۆن بە کاری دێنن؟
ئەم جۆرە قەرزانەی هەرێم کەوا گوایە ٢٧ ملیار دۆلارە دەبێت خەڵکی هەرێم بیدەنەوە لە سەرچاوە زانستی یەکان بە یەکێک لە میتۆدەکانی سپی کردنەوەی داهاتی دزراوی نێوخۆ ناودەبرێت، میتۆدەکەشی زۆر ساکارە بەوە دەست پێدەکات کەوا دەسەڵاتداری گەندەڵ لە گەڵ بانکێک یا کۆمپانیایەکی سەرمایەگوزاری دەرەکی ڕێکدەکەوێت قەرزێکی بە ناوی حکومەتەکەی خۆیەوە لێ وەرگرێت بە سودێکی زۆر بۆ لایەنی بیانی، پاش ئەوەی ڕێکدەکەون دەبێت ڕەهنێک هەبێت کەوا ئەم قەرزەیە دەدرێتەوە، لە حاڵەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتیان کردۆتە ڕەهن، پاشان حسابێک یا چەند حسابێکی بانکی بۆ لێرپرسراوانی حکومەتی هەرێم لە درەوە دەکرێتەوە زۆر جار هەر لە هەمان ئەم بانکەی پارەکەیان بە قەرز پێ دەدات، کە پارەکە چوە سەر حسابی لێپرسراوی کورد، دانەوەی قەرزو سودەکە لە داهاتی نەوت بۆ قەرزدەر دەست پێدەکات. بەم جۆرە داهاتی نەوتەکە بە بێ ئەوەی بیتە کوردستان و ببرێتەوە دەرەوە، هەر لە دەرەوە دەچێتە سەر حسابی قەرزدەر، ئەو پارەیەی هاتۆتە حسابی لێپرسراوی کوردی گەندەڵیش دەبێتە پارەیەکی شەرعی و حەڵال چونکە سەرچاوەکەی دیارە قەرز کراوە بۆیە دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی بە کاری بخات لە دەرەوە، جار وایە هەر دەیداتەوە بە هەمان بانک بە قەرزو سود یا لە بواری بەرهەمهێنانو عەقارات لە دەرەوە بەکاری دێنێت، لێپرسراوی گەندەڵ دەشتوانێت هەمان پارە بە ناوی کۆمپانیایەکی سەرمایەگوزاری دەرەکی بێنێتەوە کوردستان بە کاری بخات و داهاتەکەی دیسان بە شێوەیەکی شەرعی ڕەوانەی حسابی خۆی لە دەرەوە بکاتەوە.
ئەم ٢٧ ملیار دۆلارە لە ڕاستیدا بەم جۆرە هاتۆتە سەر ئەستۆی خەڵکی کوردستان، هەر هەموی پاش ئەوەی وەکو قەرز وەرگیراوە چۆتە سەر حسابی لێپرسراوە گەندەڵەکانی حکومەتی هەرێم کەوا لەم باوەڕە نیم تەنها پارتی و بنەماڵەی بارزانی بن.
با پەرلەمانی کوردستان داوای ووردەکاری ئەم قەرزانە بکات، لە کێ وەرگیراوە چۆتە کامە حساب بۆچی بە کار هاتوە، دەبینن کەوا حکومەت ناتوانێت ئەم زانیاری یانە بدات چونکە قەرزەکە لە بنەڕەتدا ساختەیە مەبەست لێ ی دزینی داهاتی نەوتی کوردستانە.