![](https://www.wazho.net/wp-content/uploads/2020/05/95554067_3576377832386400_153653180863873024_o.jpg)
شاسوار عەبدولواحید
سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ لە نوێترین پەیامیدا داوای خۆپیشاندان دەکات
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ :
پلانی دەسەڵات چییە بۆ مانەوەی خۆی و شکستهێنان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی؟
ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوە و کاتی رووخانی یەکجارەکیی هاتووە، بەڵام ئەوەێ کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژ بکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەر و خەڵکە.
دەسەڵات دەیەوێت هەموو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لە بری ئەوە خۆی خەڵکی تر و نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بە ناوی کەسانی نارازیی، تا جەماوەر سارد بکەنەوە و خەڵکانی نارازیی بکەن بە دوژمنی یەکتر.
دەسەڵات دەیەوێت خەڵکە نارازییەکان لەبری ئەوەی رووی دەمیان لەدەسەڵات بێت، رووی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن.
بۆیە تکام وایە لەسەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەموو ناحەقییەتان لە بیر نەچێت، نەهێڵن لە ڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە و بەرژەوەندییان هەیە، میللەت سارد بکەنەوە و خەڵکە نارازییەکە پەرتەوازە بکەن.
هەر کەس و گروپێک نارازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندێی میللەت لە پێش هەموو شت ببینێت و دەنگی نارەزایی بەرز بکاتەوە، هەر گرووپ و لایەن و کەسایەتییەکی نارازیی هەیە ئەوە با پێکەوە هەمویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و ئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین، وەل چۆن لەپێشووتر و ئێستا و داهاتووشدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین.
لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی رووخانی ئەم دەسەڵاتە.
هەمووان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە ٢٩ ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لە خەڵک دەکات.
خۆپیشاندان بۆ داوای مافی خۆتە، نەک مافی کەسیتر… خۆپیشاندان لەبەرخاتری خۆتە، نەک لەبەرخاتری کەسیتر… خۆپیشاندان بۆ ئەوەیە خۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانتان ژیانێکی خۆشتریان هەبێت، نەک لە پێناو حیزب و لایەنیتر.
پێویستە هاوڵاتیی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازار، گەنجانی بێ بەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیرو خەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزمونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەمووان پێکەوە ئامادە بین بۆ هەفتەی داهاتوو. هەفتەی هەڵبڕینی دەنگمان و بێدەنگنەبوون لە مافی خۆمان.