ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/5/31 ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو کە لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کرابوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت وەکو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی .