
شانه‌ى هه‌ڵۆكانی هه‌واڵگری ئاشكرایكرد، پیلانێكى تیرۆریستیى مه‌ترسیدارى رێكخراوى داعشیان شكستپێهێناوه، كه نیازى ئه‌وه‌یان هه‌بوه له پارێزگاى به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كى دیكه و هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌نجامیبده‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌بوعه‌لى به‌سڕى سه‌رۆكى شانه‌ى هه‌ڵۆكان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هه‌واڵگرى و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆر له وه‌زاره‌تى ناوخۆی عیراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه، ژماره‌یه‌ك تیرۆریست ده‌ستگیركراون، كه چه‌ندین كه‌یسیان له دژ تۆماركراوه و كارى تیرۆریستییان دژى هێزه چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه و حه‌شدى شه‌عبى ئه‌نجامداوه و له‌و ناوچانه‌ی تێیدا چالاكن تێیدا بازگه‌ى وه‌همییان داناوه و خه‌ڵكیان ده‌ستگیركردوه و ئه‌شكه‌نجه داوه، به‌تایبه‌تى له پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین.
رونیشیكردوه‌ته‌وه، شانه‌ى هه‌ڵۆكان چه‌ند پرۆسه‌یه‌كى نهێنى خێراى ئه‌نجامداوه و بوه‌ته‌هۆى شكستپێهێنانى پیلانێكى ئه‌و چه‌كدارانه، كه نیازیان هه‌بوه پارێزگاى به‌غدا و چه‌ندین پارێزگاى دیكه و هه‌رێمى كوردستانیش بكه‌نه ئامانج.
عه‌لى به‌سڕى ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه، له پرۆسه‌كاندا چه‌ند چه‌كدارێك كوژراون و چه‌ندین شانه‌ى نوستو هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌سه‌ر چه‌ندین ماده‌ی ته‌قینه‌وه و چه‌ك و پێداویستیدا گیراوه. ته‌ئكیدیشده‌كاته‌وه به شكستهێنان به پیلانه‌كه ژیانى چه‌ندین هاووڵاتى مه‌ده‌نى رزگاركراوه و رێگرى له وێرانكارى و رشتنى خوێن كراوه.