یۆرگن كلۆب راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی جەختدەكاتەوە لەو 9 یارییەی لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا هەوڵدەدات سەرجەمیان بباتەوە.
لە چەند رۆژی داهاتودا خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزی دەستپێدەكاتەوە و لە پاش دەركەوتنی كۆرۆنا بەرگێكی دیكەی خۆپارێزی و رێككاری نوێ بەبەریدا دەكرێت، تائێستاش لیڤەرپوڵ بە جیاوازی 25 خاڵ لە پێش مانچستەر سیتی ركابەریەتی و 30 ساڵە نەیتوانیوە نازناوی خولەكە ببات بۆیە ئەمساڵ باشترین و گەورەترین هەلە بۆ ئەو كارە.
لەو 9 یارییەی وەرزەكەدا، كە تا مانگی ئاب ئەنجامدەدرێن، لیڤەرپوڵ بۆئەوەی ببێتە پاڵەوان تەنها پێویستی بە بردنەوە هەیە لە دەستپێكردنەوەی خولەكەدا بەرانبەر بە ئیڤەرتۆن، بەڵام بەو مەرجەی مان سیتی لە 17ی ئەم مانگەدا بەرانبەر بە ئەرسیناڵ بدۆڕێت.
لەو چوارچێوەیەشدا كلۆب-ی راهێنەر بە رادیۆی بی بی سی بەریتانی وتوە “خۆشە بیر لە بونە پاڵەوان بكەیتەوە، بەڵام تائێستا نازناوەكەمان بەدەستنەهێناوە و هەمووشمان ئەوە دەزانین…لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین نزیكبوینەتەوە، 27 خاڵی یارییەكان ماوە و ئەوپەڕی هەوڵدەدەین بۆئەوەی هەر هەموویان كۆبكەینەوە”.
هەروەك جەختدەكاتەوە، كە لە پاش بردنەوەی دوو یاری نایانەوێت لە سەركەوتنەكان بوەستن.
لەئێستادا لیڤەرپوڵ 82 خاڵی لە پرێمەرلیگدا هەیە و ئەگەر 21 خاڵی دیكە لەو 9 یارییەدا كۆبكاتەوە، ئەوا ریكۆردی كۆكردنەوەی خاڵەكانی وەرزێكی خولەكە دەشكێنێت، كە بەناوی یانەی مانچستەر سیتی-یەوەیە و لە وەرزی 2017-2018 گەیشتە 100 خاڵ.