بەهۆی ئازاردانی پیاوێكی بەتەمەن لەلایەن هێزەكانی پۆلیس، كە بوە هۆی خوێنبەربون و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، 57 ئەندامی هێزەكانی پۆلیسی شاری باڤالۆ لە ویلایەتی نیویۆركی ئەمریكا دەستیانلەكاركێشایەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردوەتەوە، دوای بڵاوبونەوەی گرتەی پاڵپێوەنان و خستنی پیاوێكی بەتەمەن لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، دەسەڵاتداران لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكە دەستپێكردوە و ئاندرۆ كۆمۆ حاكمی ولایەتی نیویۆرك روداوەكەی بە جێی شەرم و بێپاساو وەسفكردوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەكە، هێزێكی پۆلیس، كە بەسەر شەقامەكاندا دەڕۆن، پاڵ بەپیاوێكی بەتەمەنەوە دەنێن، كە لە حەفتاكانی تەمەنیدایە و بەهۆی ئەوەشەوە دەكەوێت و سەری دەدات بە زەویدا و توشی خوێنبەربون دەبێت و خوێن لە گوچكەیەوە دێتە دەرەوە.
لای خۆشیەوە نوسینگەی حاكمی نیویۆرك بڵاویكردوەتەوە، ئەو 57 ئەندامەی هێزەكانی پۆلیس وەك ئەندامی یەكەی فریاكەوتن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، نەك وەك ئەندامی هێزەكانی پۆلیس، ئەو ژمارەیەش سەرجەم ئەندامانی تیمی فریاكەوتنن.
لەلایەكی ترەوە “جۆن ئیڤانز” سەرۆكی كۆمەڵەی باڤالۆ بۆ پۆلیس رایگەیاندوە، ئەو ئەندامانەی یەكەی فریاكەوتن بەهۆی توڕەبونیان بەهۆی هەڵسوكەوتی دوو هاوڕێیان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، كە ئەوانیش تەنها فەرمانیان جێبەجێ كردوە.
پیاوە بە تەمەنەكە ناوی “مارتن گونیۆ”یە، لەگەڵ ئەوەی تەندروستیی جێگیرە، بەڵام هێشتا بارودۆخی لەمەترسیدایە، بەپێی قسەی پارێزەرەكەی، پیاوەكە بەشێوەیەكی ئاشتیانە خۆپیشاندانی كردوە و ماوەیەكی زۆرە چالاكوانی مافەكانی مرۆڤە.