بەشێک لە پزیشکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد و داوادەکەن، موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان دابەشبکرێت.ئەمڕۆ شەممە، لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە، بەشێک لە پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان رایانگەیاند، بەهۆی وەرنەگرتنی موچەی مانگی شوباتەوە، تەواوی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیی و شوێنە فریاگوزارییەکان چۆڵدەکەن.پێشتر، پزیشکانی ئەو ناوچانە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردبوو، “بەرپرسیارێتی ڕوودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو و مەترسییەک لە پاش چۆڵکردنی شوێنەکان لەسەر ئەستۆ و بەرپرسیارێتی حکومەت دەبێت، کە ئامادەنییە سەرەڕای بەردەستبوونی نەختینە، موچە دابەش بکات”.باسیان لەوەشکردبوو، “لە ئەگەری وەرنەگرتنی موچەی مانگی دوو تاوەکو ٦ی ئەم مانگە، ئەوا تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بە شوێنە فریاگوزاری و ساردەکانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا چۆڵ دەکەین.”تاوەکو ئێستا، فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.