بژار حەکیم| رۆژنامەنووس
یاسای چاکسازی و گرفتی مووچەخۆران
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازی پەسندکرد، ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی جێبەجێکردنی یاساکەیە، لەگەڵ ئەوەشدا گرفت بۆ جێبەجێکردنی یاساکەیە ھەیەو پارتی و یەکێتی لەسەر جێبەجێکردنی ھەندێک لە ماددەکان ناکۆکن. بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٧٥ ھەزار فەرمانبەری مەدەنی ھەیە، کە ئەم فەرمانبەرانە بە ھەقیقی لە وەزارەتەکاندا وەک فەرمانبەری مەدەنی لە ئەرکدان، باقی فەرمانبەران و مووچەخۆرەکانی دیکە، دەکەونە چوارچێوەی پێشمەرگە، ناوخۆ، خانەنیشنانی سەربازی و شارستانی. کە زیاترە لە ملیۆنیک فەرمانبەرو مووچەخۆر. بەپێی قسەی سەرچاوەیەک، لە ئەنجوومەنی وەزیران قسە لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران کراوەو پارتی پێشنیازی کردووە مووچەکانی ٣٧٥ ھەزار فەرمانبەرەکان کەمبکرێنەوەو تیمی یەکێتی لە حکومەت رەتیان کردووەتەوە. لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی ئەوەکراوە ئەگەر مووچە کەمبکرێتەوە دەبێ ھەمان سیستەمی عێراق بەکاربێنن. لە عێراق مووچە کەمکردنەوە لەسەرووی یەک ملێۆن دینارەوە دەستپێدەکات، بەپێی پلە باڵاکان کە لەسەتا ١٥ دەستپێدەکات تاوەکو لەسەتا ٥٠ ی پلە باڵاکان، ئەم پێشنیازە کراوە بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێکی لێنەدراوە. تیمی یەکێتی لە حکومەت پێشنیازیان کردووە، بۆ رێکخستنەوەی مووچەو بڕینی مووچەی بندیوار و دوو مووچەو سێ مووچەیی، کار بە سیستەمی بایۆمەتری بکرێت، بەڵام تیمی پارتی لە حکومەت ھیچ وەڵامێکیان بۆ پێشنیازەکەی یەکێتی نەبووە. ھاوکات یەکێتی پێشنیازی ئەوەیشی کردووە، کە پێداچوونەوە بەسەرجەم پلە تایبەتییەکانی خانەنشیناندا بکرێت کە بە فیعلی لەخزمەتدا نەبوون.