پەیامێکی ئاگادارکردنەوە لە پزیشکانی مانگرتووەوە :
بەڕێزان وەک ئاگادارن لە ٦/٦/۲٠۲٠ تەوە بایکۆتی نەخۆشخانەکانمان کردوە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانمان, ئەوەش لەبەر ئەوەی کە تاکە سەرچاوەی داهاتمان بریتییە لەو مووچەیە جیاواز لە پزیشکانی پسپۆڕ، لە کاتێکدا ژیانی خۆمان و کەسووکارمان بە بارێکی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت و لە وەها ژینگەیەکدا ناتوانین بەردەوامی بدەین بە پرۆسەی فێربوون لە سەنتەری نەخۆشخانەکان بە ناچاری بایکۆتی دەواممان کردووە. هەر لەو ڕووانگەیەشەوە لە ئامۆژگارییەکانی سەروو خۆمانمان ڕووانییوە لە پزیشکانی پسپۆڕ و سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان کە هەمیشە داوای بەردەوامیدانتان کردووە بە خوێندن سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان.
بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە هەندێک دەستەواژە و شێوازی مامەڵەکردن دەبینین لەگەڵماندا کە نەک لەم بارودۆخە سەختەدا باری سەرشانمان سوک ناکەن بەڵکو گرانتری دەکات. بۆیە ناچارین ئەم ئاگادارکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە :
سەرەڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ زۆربەی زۆری بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکان بۆ تێگەیشتنیان لە باروودۆخمان بەڵام داوا لە بەشێکی کەمی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و سەرۆک بەشەکان دەکەین کە وەک لەم بارودۆخەدا هاودەنگ نین لەگەڵمان و لەبەر شوێنکاری ئیدارییان ناتوانن بە ئاشکرا پاڵپشتیمان بکەن و ئێمەش لەو ڕوانگەوە لە بابەتەکە گەیشتووین بەڵام با نەبنە دژمان و نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت نەکەن لە کاتێکدا ئێمە فشار دەکەین بۆ وەرگرتنی مافی ئەوان بەخۆمانەوە بەڵام بە داخێکی زۆرەوە کەوتوونەتە هەڕەشە و گووڕەشە لە پزیشکانی هاوپیشەیان، بۆیە داوایان لێدەکەین کۆتا جاریان بێت ئەو هەڵوێستانە بنوێنن و بە پێچەوانەوە گۆڕینی ئەوان دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە داواکاری مووچەی ئەم مانگەمان و تکادەکەین ناچارمان نەکەن بەو کارە.
پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان.
یەکشەممە
۷/٦/۲٠۲٠