د.فەیسەڵ عارەب بڵباس
پزیشک و حزبایەتى هەر لەکۆنەوە پزیشک و پیشەى پزیشکیى ناوودەنگێکى گەورەى هەبووە لەناو کۆمەڵى مرۆڤایەتیدا، چونکە خوێندنى پزیشکى زۆر زەحمەت بووەو هەمیشە کەسێکى بەتوانا و زیرەک و بەهرەمەند و پشوودرێژى پێویست بووە. کەسێکى کە دوورەپەرێز نەبێ و خۆشیەکانى ژیان لەخۆى نەکا، ناتوانێ بەئاسانى ئەو قۆناغە ببڕێ و ببێتە پزیشک. ئەوڕۆش بەهەمان شێوە دەبینین بەرزترین نمرە لەکۆلیجە پزیشکیەکان وەردەگیرێن و هەمیشە ئەو کۆلیجانەش لەپێشەوەى ئەوانى دیکەدان. لەبەر ئەوە ئەوکەسەى بیەوێ ببێتە پزیشک دەبێ پشت لەهەموو چاڵاکیەکى کۆمەڵایەتى و رابواردن بکا بۆ ئەوەى بتوانێ بەسەر ئەو خوێندنە زەحمەت و دوورودرێژەیدا زاڵ بێ. ئەمە وایکردووە پزیشک زۆر حەز لەتێکەڵبوون نەکا و تخوونى حزب و حیزبایەتى و چاڵاکیە کۆمەڵایەتیەکان نەکەوێ و پێویستیشى پێى نەبێ.. ئەو دوورەپەرێزیەى پزیشکان وایکردووە خەڵک بەگشتى و دەسەڵات بەتایبەتى وا لەپزیشک بگەن کە کەسێکى لەخۆبایى و لووتبەرز و خۆبەزلزانە و خۆی لەکەسانى دیکە بەگەورەتر دەزانێ و شەرمى پێیە دابەزێتە ناو پایەکانى دیکەى کۆمەڵ..! هەر ئەو تێڕوانینە لەلایەن دەسەڵاتداران و حزبەکانیش بەرامبەر پزیشکان هەبووەو هەیە. حزبى (بەعسى عەرەبى) کە دەسەڵاتى لەعێراق گرتە دەست و وڵاتى بۆ تەخت بوو و هیچ رکابەرێکى نەما، ویستى سیستەمە ئیشتراکیەکەى وڵاتە کۆمیونیستەکان لێرە پەیڕەو بکا و یەکەم کارێکى ئەوەبوو کە نۆڕینگە تایبەتیەکانى پزیشکانى داخست و نۆڕینگەى میللیى ئێوارانى لەحەفتاکانى سەتەى رابردوو کردەوە کە بەپارەیەکى کەم خەڵکى تێدا چارەسەر دەکرا، بەڵام پزیشکە گەورەو پسپۆڕ و ناودارەکان لەنۆڕینگەکانى خۆیان راهاتبوون و بەکەیفى خۆیان کاریان دەکرد و داهاتێکى باشتریان هەبوو، بۆیە بەو کارەى حزبى بەعس ناقایلبوون و نەهاتنە بنباڵى هەڕەشەکان. ئەوە حزبى ناچار کرد رێگە بدا نۆڕینگەکانى خۆیان بکەنەوەو ئەوەشى کە حەز دەکا با لەنۆڕینگە میللیەکان کار بکا بەو هیوایەى رکابەریى نۆڕینگە تایبەتیەکان بکا.. حزبى بەعس ئەو دڕدۆنگیەى پزیشکەکانى پێ قووت نەدرا و بۆیان لەبۆسەدابوو، تا شۆڕشى کورد لە ١٩٧٥ لەناو برا و نەفت گران بوو و داهاتى عێراق زۆربوو و سەددام بووە کەسى یەکەم، دەسەڵات هەوڵیدا ئەو دڕکە لەبن پێى پزیشکەکان دەربێنێ و سەددام بەخۆى لەوتارێکیدا گوتبووى: دەبێ وا لەو پزیشکانە بکەم دەستم ماچ بکەن بۆ ئەوەى مووچەیەکیان بدەمێ. بۆ ئەو مەبەستە عێراق ژمارەیەکى یەکجار زۆر، کە بەهەزاران دادەنرا، لەبەناو پزیشکى لەوڵاتەکانى هیند و پاکستان و بەنگلادێش و هەندێکى لەمیسریش بەئیمتیازاتى بەرزەوە هێنایە عێراق و بەسەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانى دەرەوەى شارە گەورەکاندا دابەشکران کە لەڕاستیدا بەشى هەرە زۆریان پزیشک نەبوون و بڕوانامەکانیان ساختە بوو.! لەبەر ئەوەى ئەوانە زمانى خەڵکى ئێرەیان نەدەزانى، دەبوایە کارمەندێکى تەندروستى بەمەبەستى وەرگێڕان لەگەڵیاندا بوایە لەکاتى بینینى نەخۆش. لەبەر ئەوەى ئەوانە پزیشک نەبوون و زانیاریەکى ئەوتۆیان نەبوو، بەزۆرى کارمەندەکە قسەى لەنەخۆشەکە وەردەگرت و دەرمانەکەشى بۆ دەنووسى، تەنیا ئەو بەناو پزیشکە ئیمزایەکى لەسەر راچێتەکە دەکرد. من زۆرم لەوانە بەچاوى خۆم بینیبوو و لەگەڵیشیان دانیشتبووم و گفتوگۆم لەگەڵ کردبوون و بۆم دەرکەوتبوو کە هیچ زانیاریەکى پزیشکیان نیە. ئەوکات من هێشتا قوتابیى کۆلیجى پزیشکى بووم. ئەوەبوو پاش ماوەیەکى کەم لەساڵى ١٩٨٠ شەڕى عێراق و ئێران دەستى پێکرد و پارەو دۆلار بۆ ئەو بیانیانە نەما، بۆیە ئێرەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکانیان. ئەوجا حزبى بەعس کەوتەوە دەست ماچکردنى پزیشکەکان و هاناى بۆ بردن بۆ چارەکردنى بریندارەکانى شەڕ و زۆریان کردنە ئەفسەر لەناو سوپاى عێراق بەبێ ئەوەى حزبیش بن..! لەدواى راپەڕینى بەهارى ١٩٩١، دامودەزگا تەندروستیەکانى کوردستان بەرەڵاکران و راووڕووت هەلیتەکاندن و نەخۆشخانەکان بوونە زبڵخانە و پزیشک نەیدەتوانى دەوام بکا لەترسى چەکدارانى حزب کە بەگژ داروبەرددا دەچوون و ژمارەیەک پزیشک درانە بەر شەق و شاربەدەرکران و وڵاتیان بەجێ هێشت و هەندێکیش شەهیدکران..! ئەوە بێجگە لەنەبوونیى مووچە و ئەگەر هەشبایە، وەکو خێر لەلایەن بەرپرسێکى حزبەوە پچڕپچڕ دابەش دەکرا. ئەوە وایکرد پزیشکە موقیمەکان لەدواى دامەزراندنى حکوومەتى هەرێم، کە بەسەرۆکایەتى یەکێتى و جێگریى پارتى بوو، مانیان گرت و چەند رۆژێک دەستیان لەکار هەڵگرت، پاشان شاندێکیان ناردە لاى سەرۆک وەزیرانى ئەوکات بۆ داواکاریەکانیان. لەوانەى کە لەلاى سەرۆک وەزیران بەدڵساردى هاتبوونەوە، گێڕایانەوەو گۆتیان: سەرۆک وەزیران دەڵێ ئێمە منەتمان بەئێوە نیە و پارتى و یەکێتى بەشى خۆمان پزیشکمان هەیە، ئەوان کارەکان رادەپەڕێنن و ئێوە بڕۆنەوە ماڵى خۆتان و هەر مان بگرن..! کە شەڕى ناوخۆ دەستى پێکرد، هەموو شتێکمان لەبیرکرد، خواخوامان بوو بەسەلامەتی لێى دەرچین، کەس مووچەى هەر لەبیر نەمابوو. کە شەڕى ناوخۆ هێوربۆوە و بارى ئاساییش و ئابوورى لەشارەکان باشتر بوو، لەئیدارەى هەولێر (کە لەژێر دەستى پارتى بوو) جارێکى دیکە شاندێک بەناوى پزیشکان چووە لاى سەرۆک وەزیران و لیستى مووچەى پزیشکانیان نیشان دابوو. کە چاوى پێکەوتبوو باوەڕى نەکردبوو کە پزیشک چۆن بەو مووچە کەمە دەوام دەکا کە ٣٠٠ – ٤٠٠ دینارى سویسرى بوو.. ئەوەبوو مووچەى پزیشکان بەبڕێکى زۆر باش زیادکرا. کە پارەش گۆڕا بۆ (برێمەر) ناوە ناوە مووچە چاکدەکرا، تا گەیشتە رادەیەک پزیشک هەبوو ٤ – ٥ ملیۆنى وەردەگرت.. بەڵام پزیشکى ئەوڕۆ هى دوێنێ نیە. بەشى هەرە زۆرى پزیشکە تازە و گەنجەکانمان کوڕە هەژار و کرێکارن و (ئەگەر دامەزرابن) لەمووچە پتریان نیە. ئەو مووچەیەش ئەوە دیارە کە چەند مانگ جارێکە و ئەگەر هەشبێ بەشى ژیانێکى شایستە ناکا.. بەداخەوە هێشتا خەڵک و حزب و دەسەڵات ئەو رق و دڕدۆنگیەى جارانى بەرامبەر پزیشکان هەر ماوە و وادەزانن (هەرچى سمێڵى سووربێ هەمزاغایە..!). ئەوڕۆ لەو قەیرانە داراییەدا، ئەگەر چەند پزیشکێکى پسپۆڕى بەتەمەنى ناسراو، نۆڕینگەیان بەرناکەوێ یان لەنەخۆشخانە ئەهلیەکان نەشتەرگەرى بەملیۆن دینار دەکەن، ئەوانە نموونەى ئەو چەند هەزار پزیشکە نین کە ئەوڕۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بەشەووڕۆژ هەڵدەسووڕێنن و نە لەکۆڕۆنا دەپەنگێنەوەو نەلەهێرشى چەکدار و کەسوکارى تووڕەى نەخۆشان..! حزبە دەسەڵات بەدەستەکان لەو چەند پزیشکەى کە سەربەخۆیانە، پۆستە ئیداریەکان پڕدەکەنەوە بەبێ ئەوەى پرس و رایەک بەو هەموو پزیشکە بکەن یان هەڵبژاردنێک بکەن یان راوێژێک بەو سەندیکایە بکەن کە خۆیان هەڵیدەپەڕێنن. ئەوانەشى کە دەبنە وەزیر و گزیرى حزب (بەخۆیان رووس نینە و ئاگاشیان لەزۆمێ نیە..!)