حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق، كۆبوه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 9-6-2020 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق كرد و دوا قۆناغی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ گفتوگۆكردن خرانه به‌رباس.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كار و راپۆرتی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان تاووتوێكران.
شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیكرده‌وه ئاماده‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.
پێشتر شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆتاییه‌كانی مانگی نیسان و سه‌ره‌تای ئایاری 2020، دووجار سه‌ردانی به‌غدای كرد، له‌و سه‌ردانانه‌شدا زنجیره‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای گفتوگۆی عیراق ئه‌نجامدران. له گفتوگۆكانیشدا بناغه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌چونی دانوستانه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا دانران، كه بڕیاره له چه‌ند رۆژی داهاتودا ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.