زمناکۆ خەسرۆ
وتاری شیکاری
تاوەکوو بزانین تورکیا لەبەرچی لەشکرکێشی دەکاتە سەر باشووری کوردستان، دەبی لە مەغزا و پلانی درێژمەودای ئەو دەوڵەتە بگەین. ئەمن ئەو پرسەیە لە چەند ئاستەکدا شی دەکەمەوە.
لە ئاستی سیاسەتیی پلانی ستراتیژیی و درێژمەودای تورکیا
لێرە و لەوێ، لە لێدوان و خیتابی پڕ حەماسەتی ئەردۆگان و زۆر لە بەرپرسە تورکەکانی ئێستای دەوڵەتی تورکیا ئەوە دەبیستین کە ئەوان خەونی گێڕانەوەی سنوور و دەسەڵاتی “ئیمپراتۆرییەتی عوسمان”یان هەیە. ئەوەش لە سێ ئاستدا تەماشا دەکرێ. ئەلف، گێڕانەوەی جوگرافیای قەڵەمڕەو و فەرمانڕەوایی ئیمراتۆریەتی عوسمانییە. تکایە تەماشای نەخشەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە بکە. لەوێندەر دەبینین، لە کوردستانەوە بگرە تا بەشەکی ئەفریقیاش لەناو ئەو نەخشەیە بوونە. دەوڵەتی ئێستای تورکیا پلانی گێڕانەوەی ئەو نەخشەیەی هەیە لۆ بن دەستی خۆی. ڕەنگە لێرەدا دەبینین، کە ئاسان نییە لەسەر ئەرزی واقیع ئەوە ڕوو بدا، بەڵام پلانی دەوڵەتی تورکیا، تورکەکان بە تەنیا و بە سەرەکی، ئامانجیان ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی لەناو نەخشەی عوسمانی بوون، بچنە ژێر ڕکێفی تورکیا، لە بڕیار و جێبەجێکردندا. بێ، لە ئاستی ئابووریدا، دەوڵەتی نەژادپەرستی تورکیا نیازی گێڕانەوەی دەسەڵات و سنووری “ئابووری”ی دەوڵەتی عوسمانی هەیە. لەوێ، دەیەوێ هەمان داهات و بەرهەمی ناوخۆی ئەوێ لۆ خۆی ببا و هەمیش ناوچەی سێرەو و یەکەمی هەناردەکردنی بەرهەمی تورکیا بن. پێ، لە ئاستی مومارەسەی دەسەڵات و خۆبەگەورەزانین و ململانێی زلهێزانی دنیا، ئەردۆگان وەکوو کەس و تورکیا وەکوو دەوڵەت، ئامانج و مەیلی ئەوەیان هەیە وەکوو سەرچاوەی هێز و دەسەڵات لە ناوچەکە و دنیا دەرکەون.
ئەوە پلانی هەونکەی دەوڵەی تورکیایە. ئەو پلانە، لە ئاستی خاڵی یەکەم، سنووری جوگرافی ئەو نەخشەیە، لەگینە و ئەگەری ڕوودانی هەیە، خاکی بێخاوەن و بێپارێزگاری کوردستان، بەتایبەتی باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەعەمەلی، بگێڕیتەوە سەر نەخشە کۆنەکەی عوسمانی. لە ڕووی قەڵەمڕەوی و دەسەڵاتخوازی و فەرمانڕەواییشەوە، دەبینن کە تورکیا ڕۆڵی دیاریی هەیە لە بناغەی حکومەت و بڕیار لە عیراق، دەستی وەردا لە کاروباری ناوخۆی میسڕ، جزائیر، سودان، و سوریاش. ئەوانە هەر هەموویان نمونە و ئاماژەی دیاری ئەو پلانەی دەوڵەتی تورکیان.
لۆ کوردستان؟
کوردستان، ناخۆشبەختانە و بەدبەختانە، بێ خاوەنە. کورد، هەونکە، سەردار و سەرۆکی پارێزەری خاك و نەتەوە و شوناسی نییە. ئەوەم پتر لە ڕووی سیاسییەتی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە مەبەستە. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوو، کیانەکی نیمچە سەربەخۆ لە باشوور درووست بوو، بەڵام لە پازدە ساڵی رڕابردوو، زۆر بەزەقی و بەڕوونی هەرێمی باشووری کوردستان لە بن دەستی تورکیایە بەتایبەتی و کلکەکیشی لە بن دەستی ئێرانە. تورکیا، فەرمانڕەوای باشوورە لە ڕووی حکومەت، ئیدارە، ئابووری، و دەستنیشانکردنی جوولە ناوخۆیییەکان. کە پارتی کاندیدی لۆ سەرۆکی حکومەت و هەرێم دەبی، هەڵبژارد و دەستنیشانکراوی تورکیان. (تەماشای فەیسبووکەکەی سەرۆکی ئێستا هەرێم بکەن، لە بن هیچ نووسینەك ماف و جورئەتی ئەوەی نییە وەکی سەرۆکی هەرێم خۆی بناسێنێ).
مادامەکی تورکیا پلانی گێڕانەوەی سنوور و سەرمایە و دەسەڵاتی ئیمراتۆرییەتی عوسمانی هەیە، کوردستان خاکەکی ئامادەیە و دەتوانی ئەو کارە، باسانایی، بکا.
خاوەنەکانی کوردستان
کوردستان، لە هەر پارچەیەکی، چەند حزبەکی سیاسیی هەن خۆیان بەو پارچانەوە ناساندییە و بەستووەتەوە، وەکی حزبە سیاسییەکانی باشوور (پدك، ینك)، لە ڕۆژهەڵاتیش، حزبی دیموکرتی کوردستان بە نمونە، ئیدی لە پارچەکانی دیش هەر وا. لەناو پارچەکانی کوردستان، دەسەڵاتی حزبیی حزبەکانی باشوور ئاسان ڕاو دەکرێن و ڕاویش کراینە. ئێستا، تورکیا، بەکردارەکی، بڕیار و جوولەی سیاسیی و ئیداریی ناوخۆ و سەرمایەی باشووری کوردستانی لە بن دەستە. لەو بارەیەوە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان پارتی و یەكیتی و گۆڕان و زۆر حزبی دیش نییە. هەموویان دەستەمۆکراوی تورکیان. کەوابی، باشووری کوردستان، نێچیر و پارووەکی ئاسانی پلانی گێڕانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە.
لە باکووری کوردستان، تورکیا پەکەکە و هەموو لایەنگر و گەریلایەکانی پەکەکەی لە خاکی کوردستان، کوردستانی باکوور، وەدەرنایە. نەك هەر ئەوە، تورکیا، بە هۆی ئەوەی کە ئەندامی ناتۆیە، ڕۆڵی هەبووە، لە زووەوە، پەکەکە وەك ڕێکخراوەکی تیرۆرست بناسێنێ. ئەوەش پاساوی داوەتە تورکیا، بێ سڵەمینەوە و نەرمی نیشاندان، شەڕی سەربازی و سیاسیی پەکەکە بکا و گەریلا بکوژێ و ئەندامانیان لە زیندانێ بپەستێ.
لە ڕۆئاوای کوردستان، بەوردی لە چەند وتارەکدا باسی ململانێ و هەنگاو وخواست و پلانەکانی تورکیام کردییە پەیوەست بە وێندەر. ئەوەی دەمەوێ بەکورتی ئاماژەی پێ بدەمەوە؛ ئەوەیە، تورکیا سوودی لە بارودۆخی ناوخۆی سوریا، ڕۆڵی ئەمریکا و ڕووسیا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا بینییە تا دەست بەسەر ئەو بەشەی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، بگرێ. ئەگەر ئەوەشی پێ نەکرێ و پێ نەکرابێ، نایەوێ لەوێندەر، لەناو هەناوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمان قەدیم، دەوڵەت و ئیدارەکی کوردستانی-کوردی درووست بێ.
نەژادپەرستیی تورکان
ململانێی تورکە نەژادپەرستەکان لەمێژە هەیە، بەس بەزەقی دەگەڕێتەوە لۆ سەردەمی درووستبوونی ڕێکخراوی تورکە لاوەکان و هاتنە سەر دەسەلاتی ئەتاتورکەوە. ئەو دیکتاتۆرە، باوەڕی بە تورکبوونی تورکیا هەبوو، پاش نەمان و شیبوونەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. ئەوانە بنەمای دەوڵەتەکەی بوو: تورکیا وڵاتی تورکانە؛ لە تورکیا بێجگە لە تورك نەتەوەی دیکە بوونی نییە؛ زمانی تورکیا تاکە زمانی فەرمی تورکیایە؛ و تورك مەزن و پیرۆزە. هەر ئەوەش بوو، بووە هۆی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان و هەزاران کورد.
ئەو عەقڵییەتیی نەژادپەرستییە، لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوو، بەردەوام گەشەی پێ درایە؛ بەجۆرەك، سیستەمی پەروەردەی قوتابخانەکانی تورکیا، میدیای تورکیا، و خیتابی تورکیا، بەردەوام کاریان لەسەر پەروەردەکردن و جۆشدان و گەشەپێکردنی ئەو عەقڵییەتی نەژادپەرستییە بووە. کورد، وەکوو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و سەردار، بووەتە قوربانی یەکەمی ئەو نەژداپەرستییە. خۆشبەختانە، بەهێزی و منجڕی تاك و شوناسی کورد و پەیوەستبوون بە زمان و شوناس و فەرهەنگی کوردییەوە، بەربەستەکی گەورەی بەردەم نەژادپەرستیی تورکی بوونە. ئەوە، وایە کردییە، مەبەستم ململانێیەکەیە، کوردان، زۆر بەتوندی دەست بە شوناسی کوردبوونیانەوە بگرن و لێنەگەڕێن بڕووشێ و لەناو ببردرێ.
کەوابی، کورد هەم دوژمن و نێچیری دڕندەیی نەژادپەرستیی تورکین، هەمیش ئامانج و سێرەن لە بەردەم گیڕانەوەی سنوور و سەرمایە و فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەبەر هەندێ، لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تاوەکوو ئەوڕۆ، کورد بووەتە قوربانییەکەی گەورەی دەوڵەتی تورکیا. دەوڵەتی تورکیا بەربەستی یەکەمیی و سەرەکیی بەردەم درووستبوونی کیان و شوناسی کوردی-کوردستانییە.
پلانی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیا دژی کوردان
لە هەڵێنجانی دوا پەڕەگرافی سەرێ، ئەوە دەبینین کە گەورەترین پلانی تورکیا، دژ بە کورد، ڕێگەگرتنە لە درووستبوونی کیانەکی سەربەخۆی کوردستانی-کوردی و زیندووبوونەوە و زیندوومانەوە و گەشەکردنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کوردە. مەبەست لە شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد، زمان و فەرهەنگ و مێژوو و کەلتوورە. لەبەر هەندی، دیقەت بدەن، لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتی تورکیا، زۆر بەزەقی کاری کردییە لەسەر لاوازکردنی و لەناوبردنی ڕەگەزەکانی شوناسیی نەتەوەیی نەتەوەی کورد. باش باش سەرنج بدەن، میدیای بەکرێگیراوی باشوور، ئەوانەی میتی تورکیا بەڕیوەیان دەبەن، چلۆن کار دەکەن لەسەر شێواندنی زمانی کوردی، مێژووی کورد، فەرهەنگی کوردی، و کەلتوری کوردی. مەبەست لە کەلتووری کوردی-کوردستانی، واتا، ئەو داب و نەریتانەی لە کوردستان هەن و باون و تاك و خێزان و کۆمەڵگەی کوردی لەسەریان دەڕۆن. هەر ئەوەشە خاڵی شیکار و تێگەیشتن و بینینی من لۆ پلانی ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن، لە باشوور و بەکرێگیراوە کوردییەکان لە باکووریش، کە کار و پلان وبەرنامەیان لێدان لە کەلتور و مێژوو و فەرهەنگ و زمانی کوردییە. دیقەتی بەرنامەکانی کەناڵەکانی کوردماکس و ڕووداو بکەن، ئەوە بەزەقی و بەڕوونی دەبینن. تەماشای ناواخن و پەیامی ئەو درامە وەرگێڕدراو تورکیانە بکەن، باش باش دەزانن و دەبینن کە چلۆن دژی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد ئیش دەکەن.
ئەدی بەربەستی سەرەکی پێش ئەو پلانەی دەوڵەتی تورکیا چییە؟
بەربەستەکە دوو جۆرە، یەکیان سیاسیی-سەربازییە، ئەوی دیش شوناسە. بەربەستە سیاسیی-سەربازییەکە بریتییە لەو پارتە سیاسییە کوردستانی-کوردییانەی کە دژی پلانی نەژادپەرستانەی دەوڵەتی تورکیان، وەکی پەکەکە، هەندەك لە کادران و باڵی گچکۆکەی ناو یەکێتی و حزبە گچکەکانی دییە. ئەوانە ڕێگری گەورەن لە بەردەم ئەو پلانەی تورکیا. خاڵی دووەم شوناسی نەتەوەیییە. لە وتارەکەمدا، لە ٢٠١٧، بەوردی باسی ڕووە زانستی و سایکۆلۆژییەکەی شوناسیی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کوردم کردییە. ئەو شوناسە بریتییە لە هێز و خواستی بەستنەوەی بوونی سایکۆلۆژیی و مەعنەوەیی تاکی کوردیە بە نەتەوەکەی، مەبەستیشمان لە خاك و فەرهەنگ و زمان و مێژوو و کەلتوورە. ئەوە وای کردییە، کوردان، بە زەبری بەرخودان و بەرگری و خەباتی سەربازیی و سیاسیی و چەکداری، بەرگری لەو شوناسە بکەن. تەماشا کەن، ئێستا کە تورکیا لەشکرکێشی و تۆپبارانی کوردستان دەکا، سەتان هەزار کورد، لە کوردستان و تاراوگەوە، دێنە دەنگ و بەرگری دەکەن. ئەوە بەرهەم و تێگەیشتنەکی بەرچاو و ئاشکرای شوناسیی نەتەوەیی نەتەوەی کوردە.
پەکەکە لۆ؟
بەڕیزەکانم، ئەمن کە دەنووسم و شیکاران دەکەم، لەسەر بنەمای کوردبوون و وەکوو ئەرکەکی ئەخلاقی ئەو کارە دەکەم، نەوەك تەڕەفگیری و بایەست (لایەنگیری، biased، بێلایەننەبوون)یم. نا، هەرگیز تەڕەگفیرانە و لایەنگیرانە نییە. ئەوە ئەرکی ئەخلاقیی کوردبوونمە، بووەتە پێوانە و چاوی من کە دیاردەکانی پێ دەبینم و شییان دەکەمەوە. لەو ڕوانگەیەوە، پاکەکە بەربەستەکی سەربازیی-سیاسیی زۆر باش و بەهێزی بەردەم پلانی نەژادپەرستانەی هەنووکەی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆگانە. چونکە ئاشکرایە تەرکیزی سەرەکی خەباتی سیاسیی و عەسکەریی پەکەکە تورکیا، لە ڕووە گشتییەکەش، پەکەکە هەڵگری درووشمی پارێزگاری و بەرخودانە لۆ هەموو کورد، لە هەرچار پارچەی کوردستان. لەبەر هەندێش، پەکەکە ڕۆڵی سەرەکی و دیاری هەیە لە جوولە سیاسییە و عەسکەرییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (لە چەندان وتاری شیکاریدا ئەوەم باس کردییە).
باشە، با سادە و پوختی کەینەوە. پلانی ستراتیژ و درێژمەودای ئێستای دەوڵەتی تورکیا گێڕانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە، لە ڕووی جوگرافیا و ئابووری و فەرمانڕەوایییەوە. کوردستان، وەکوو ناوچە و جوگرافیا، هەنگاو و خاڵی دەستپێکی ئەو پلانەیە. کە کوردان بێ دەوڵەتن، ئەوە هەنگاوەکی سانا و بێکێشە دەبی لۆ ئەو پلانەی تورکیا، ئەوە یەك. دوو، لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردووەوە، بە هۆی عەقڵییەت و سیاسەتەکانی ئەتاتورك، تورکیا دژایەتیی نەتەوەی کورد دەکا تا هەم کیانی سەربەخۆی نەبی، هەمیش شوناسی بمرێ و لەناو بچێ. لۆ هەردووکیان، تورکیا پلانی داگیرکردنی خاكی کوردستان و فەرمانڕەوایەتیکردنی کوردستانی هەیە. ئەوەش بەوە دەکرێ، هیچ بەربەستەکی سیاسیی- سەربازی بوونی نەبێ. ئێستا، پەکەکە، هەڵگری درووشمی بەرخودان و پارێزگاریکردنی کوردستان و شوناسی کوردبوونی هەیە بەزەقی، هەروەها، پەکەکە بەفەرمی و بەعەلەنی، دژایەتیی عەقڵەییەتیی نەژادپەرستیی دەوڵەتی تورکیا دەکا و داوای ماف و ئازادی، لە ڕووی خاك و شوناسی کوردبوونەوە، لۆ تاك و نەتەوەی کورد دەکا. لەبەر هەندێ، پەکەکە بەربەستی یەکەمیی و سەرەکیی بەردەم ئەو پلانەی تورکیایە.
کەواتە یەکەم کار و هەنگاوی تورکیا چییە؟
لەناوبردنی پەکەکەیە. ئا بەڕاستی، پلانی یەکەمی تورکیا، لەشکرکێشییە لۆ سەر قەندیل و باشووری کوردستان. ڕاستە، تورکیا لەبەر پەکەکە لەشکرکێشی لۆ سەر کوردستان دەکا، بەڵام ئامانج لادانی پەکەکەیە لەبەردەم پلانی ستراتیژیی و نەژادپەرستانی تورکیا. دەبی لە هەنگاوی یەکەم، ئەو کارە بکا، پەکەکە لەناو ببا. لەبەر ئەوەی پەکەکە لە زۆربەی وڵاتان و کۆڕبەند و دەستە سیاسییەکانی جیهان وەکوو ڕێکخراوەکی تیرۆرست ناسێندرایە، ئەوە پاساوەکی یاسایییە لۆ تورکیا، کە دەتوانی لەشکرکێشی لۆ باشووری کوردستان بکا و تۆپبارانی بنکە و بارەگایەکانی پەکەکە بکا لە قەندیل و شوێنەکانی دی.
ئەدی پاشان؟
پاشان، تورکیا پێویستی بەوە نابی کە بە دەستی دووەم، لە ڕێگەی بەکرێگیراوە کوردەکانەوە، ئیدارەی کوردستان بکا. نا، ئەوکاتی تورکیا، بە پاساوی گێڕانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بە بەڵگە و دۆکیومێنتی مێژوویی، ئەوە نیشانی جیهانی کەڕ و لاڵ دەدا، کە ئەو خاکی خۆی گێڕاوەتەوە ناو سنووری خۆی، کە دەوڵەتی تورکیایە. بەڵێ، باشوور و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان، بە فەرمی، نامێنن و دەکەونە ناو سنووری جوگرافیی دەوڵەتی تورکیا. ئەوە کەینێ؟ ئەگەر هاتوو تورکیا سەرکەوتوو بوو لە لەشکرکێشی و جەنگی لەناوبردنی پەکەکە و ئەو نەیارانەی دی کە دژی پلانی تورکیان.
ئەدی چارەسەر؟
جارێ باسی چارەسەر ناکەم. ئەوەی لێ دەگەڕێم لۆ کاتەکی دی. ناشزانم کوو دەبی.