سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر داوا ده‌كات ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له فه‌رمانگه‌كانی پارێزگاكه‌دا رابگیرێت.
به‌گوێره‌ی نوسراوێك، كه له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، عه‌لی ره‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا و وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم ده‌كات، له‌پێناو پاراستنی گیانی فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیان ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له فه‌رمانگه خۆجێییه‌كانی هه‌ولێر به رێژه‌ی 95% رابگیرێت و ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی به‌شه‌كان ده‌وام بكه‌ن، هه‌روه‌ها له فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان به رێژه‌ی 70% ده‌وام رابگیرێت.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه عه‌لی ره‌شید ده‌ڵێت “له كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردووماندا داوامان له پارێزگاری هه‌ولێر كردبو ئه‌و پێشنیاره‌مان بگه‌یه‌نێت به وه‌زیری ناوخۆ، كه ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران به رێژه‌ی 95% رابگیرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێك له به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌ران له سنوره‌كه‌مان هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان”.
راشیگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به نوسراوی فه‌رمی داوایان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه، بۆئه‌وه‌ی داواكه‌یان به هه‌ند وه‌ربگیرێت.
هه‌روه‌ها پێشنیاری ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانه‌ی واژۆ له‌سه‌ر نوسراوه‌كان ده‌كه‌ن، لانی كه‌م مانگی دووجار پشكنینی كۆرۆنایان بۆ بكرێت.