شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ده‌رد و به‌ڵاى جیهان شتێكه و ڕه‌فتار و سه‌ركێشی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تیش شتێكى تر ، خه‌م و مه‌ینه‌تى خه‌ڵك و هاووڵاتی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه بۆ خۆى چیرۆكێكى پڕ ئازاره و چاوچنۆكى و به‌دخویی ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌یاڵى هه‌ندێك ده‌وڵه‌تیش بۆ داگیركاریی چیرۆكێكى تره ، ئه‌وه‌تا له كاتێكدا هه‌موو وڵاتانی جیهان سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر‌ن بۆ بنه‌بڕكردنى ئه‌م په‌تاییه‌ی كه به‌رۆكی هه‌مووانی گرتوه‌ته‌وه و به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمى كه‌مكردنه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانى ئه‌و لێكه‌وته ئابووریانەن كه ئه‌و دۆخه‌ی خوڵقاندووه و به‌هۆیه‌وه تووشی نه‌هامه‌تی كردووين ، كەچی دراوسێكانمان ئا له‌م بارودۆخه مه‌ترسیدار و پڕ له مه‌رگه‌ساته‌شدا ، له‌جێبه‌جێكردنی خه‌ونی داگیركاریی و پیلان و به‌رنامه سه‌ربازیه‌كانیان ناكه‌ون ..
كۆرۆنا وای له‌ووڵاتانی دنیا كرد كه واز له شه‌ڕ و ناكۆكی و كۆنه‌قینی نێوانیان بێنن ، ئه‌و په‌تا جیهانیه وایكرد كه دانیشتوانی جیهان فرمێسك بۆ مردووی یه‌ك بڕێژن له‌ڕێی ته‌كنۆلۆجیاوه به‌شداری له خۆشی و ناخۆشی یه‌كتردا بكه‌ن ، له هه‌وڵی پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیان و وڵاتانی دراوسێیاندابن و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونى زانستى و پزیشكى بكه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و ئازار و به‌ڵا جیهانییەدا ..
كه‌چی له‌كوردستانی بریندار به‌ده‌یان زامى هه‌مه‌جۆر ، له‌و سه‌رزه‌مینه‌ى كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك باجى جوگرافیا و مێژوو ده‌دا ، ئا له‌م سه‌رده‌مه پڕ له‌نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تیه‌شدا له‌لایه‌كه‌وه شه‌مشه‌كوێره‌كانی داعش هێرش ئه‌كه‌نه‌سه‌ر گوندنشینه‌كانی ناوچه دابڕێنراوه‌كانمان و له چاو تروكانێكدا كۆتایی به‌ژیانی ده‌یان خێر له‌خۆ نه‌دیوو دێنن و هه‌ر شه‌وه و كێڵگه‌یه‌كی به خوێن و ئاره‌قه ئاودراو ئه‌سوتێنن و وه‌ك به‌رزه‌كی بانانیش بۆی ده‌رئه‌چن …
له‌لایه‌كى تر ئێرانیش كه خۆی به‌ده‌ست هه‌زاران ده‌رده‌وه ئه‌ناڵێت بۆ به‌دبه‌ختی هه‌رێمه‌كه‌مانی لا بووه‌ته ساحه‌یه‌كی فتبوڵ و هه‌ركات دڵی ته‌نگی ئاغا جان هه‌وه‌سی یاری توپتۆپێنی كرد ئه‌وا چه‌ند تۆپێكمان تێ ئه‌گرێت….!!
ئه‌وه سوڵتانه سه‌رلێشێواوه‌كه‌ی توركیاش له‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایەدا دوای كڵاوی با بردوو كه‌وتووه و لێمان بووه‌ته تاعونی سه‌رده‌می سه‌فه‌ربه‌رلك و به‌بێ گوێدانه هیچ یاسا و رێسا و بنه‌مایه‌كی هاوسێیه‌تی شه‌وانه له ئاسمانه‌وه كۆماندۆ و جه‌ندرمه‌مان وه‌ك (كووله) به‌سه‌ردا ئه‌بارێنێ و به به‌رچاوی خۆمان و جیهان و هاوپه‌یمانانه‌وه گوند و شارۆچكه‌كانمان داگیر و تۆپباران ئه‌كات و نه‌ك هه‌ر هه‌رێم به‌ڵكو هه‌موو عێراقیش به‌چاوی شارۆچكه‌یه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ی خۆی ته‌ماشا ئه‌كات..!!
به كوردی و كورتی ئه‌وه به‌شه سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه سه‌رگه‌ردانه‌یه ، خۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ش ، كه دۆخی ناوخۆیه له‌و باشتر نیه ، سه‌باره‌ت به به‌شه ئابوورییه‌كه‌شی وه‌ك ئه‌بینین هه‌ر حكومه‌ته و به‌جۆرێك قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیووه و به‌شێوازی خۆی و به پێی توانای خۆی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار‌و نیگه‌رانی دانیشتوانه‌كه‌ی و پاراستنی ژیانی مرۆڤه‌كان ئه‌دات، ئا له‌وه‌شدا ئێمه جیاوازین.
ئێمه كه‌وتووینه‌ته نێوان به‌رداشی دوو حكومه‌تی موفلیس و تا قوڕقوڕاگه له‌قه‌رزا چه‌قیوو ، دوو حكومه‌تی ئاینده لێڵ و بێ ده‌سه‌ڵات، دوو حكومه‌تی له‌یه‌ك زویر و له‌یه‌ك دابڕاو ، دوو حكومه‌تی پشت به‌ستوو به پشك پشكێنه و دار ده‌ستی سوڵتان و مسته‌رو ئاغا و مسیۆ و پاشا و ئه‌میرو خاوه‌نشكۆ و شازاده‌كان…!!
ئه‌گه‌ر ناتوانین پارێزگاری نه له‌ئاسمان و نه له‌خاك و نه له سنور و نه له‌بوونه‌وه‌ره‌كانی سه‌ر زه‌وی و نه نه‌وته سه‌ربه‌گۆبه‌نده‌كه‌ی ژێر زه‌ویمان بكه‌ین ، ئه‌گه‌ر ناتوانین له‌سه‌ر ژیانی شوانێك و گوڵه‌به‌رۆژه فرۆشێك بێینه ده‌نگ ، ئه‌گه‌ر پێمان ناكرێت داكۆكی له بریاڕ و پرۆژه و به‌رنامه‌كانمان بكه‌ین و وه‌ك مه‌ڕی مردوو سه‌رشۆر ئه‌كه‌ین ، باشتر وایه باره‌گاكانمان دابخه‌ین و بڕۆینه‌وه ماڵەوە و هه‌ركه‌سێک له‌ماڵی خۆی سه‌ری خۆی شۆڕ بكات ..!
ئه‌م پێشنیاره‌م ته‌نیا بۆ یه‌كێتی نیه ، به‌ڵكو بۆ گشت حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستانە ، یان ئه‌وه‌تا با باره‌گاكانمان دابخه‌ین و بڕۆینەوە ماڵەوە یانیش فه‌رموون باپێكه‌وه هه‌ر له‌سبه‌ینێ وه به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی دروست بكه‌ین ، چیتر ڕێگه به‌شكاندنی شكۆ و به‌زاندنی سنوره‌كانمان و برسیه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌ده‌ین ، با خۆمان شه‌رمه‌زاری مێژوو و نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌م وڵاته نه‌كه‌ین ..