پاش 30 ساڵ له به‌ده‌ستهێنانی دوا نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلته‌را، یانه‌ی لیڤه‌رپوڵ گه‌ڕایه‌وه سه‌ر سته‌یجی نازناوه‌كه و هانده‌رانیشی نازانن چۆن ئاهه‌نگ و خۆشی بگێڕن له‌پاش ئه‌و مێژووه دورودرێژه.
له‌ئێستادا 7 هه‌فته‌ی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگی ئینگلیزی ماون، به‌ڵام لیڤه‌رپوڵ به كۆكردنه‌وه‌ی 86 خاڵ له لوتكه‌دایه و به‌وپێیه‌ی مانچسته‌ر سیتی ركابه‌ری به 63 خاڵ (واته جیاوازی 23 خاڵ) له پله‌ی دووه‌مدایه و له گه‌ڕی پێشوه‌وه ده‌ركه‌وت نایگرێته‌وه، بۆیه بونه پاڵه‌وانی مسۆگه‌ر كردوه و 30 ساڵ ئه‌و جامه‌ی له‌باوه‌ش نه‌گرتوه.
هه‌رچه‌نده لیڤه‌رپوڵ دواجار له وه‌رزی 1989-1990 نازناوی خولی نایابی بردۆته‌وه، به‌ڵام مێژوویه‌كی پرشنگداری هه‌یه له بون به پاڵه‌وان و تائێستا 19 جار ئه‌و نازناوه‌ی به نسیب بوه، كه به‌وه‌ش بۆته دووه‌م یانه له پاش مانچسته‌ر یونایتد و ئه‌و 20 نازناوی بونه پاڵه‌وانی هه‌یه.
له پاش ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی وه‌رزی ئه‌مساڵیش، هانده‌ران و عاشقانی لیڤه‌رپوڵ بۆ دووه‌م شه‌و له‌سه‌ریه‌ك ئاهه‌نگگێڕانیان به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕی “لیڤه‌رپوڵ ئیكۆ” ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه، ئاهه‌نگگێڕان له چوارده‌وری باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی شار كۆبونه‌ته‌وه و یاری ئاگرینیان تێگرتوه، هه‌ربۆیه ئاگر له بالكۆنێكی كه‌وتوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكردوه‌ته‌وه، كه پۆلیس به درێژایی شه‌وی رابردو سه‌رقاڵی بڵاوه‌پێكردنی ئه‌و هانده‌ره زۆره‌بوه، كه به هه‌زاران هه‌ژمارده‌كرێن و له ئاهه‌نگگێڕان به‌رده‌وام بون، به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ند هانده‌رێك برینداربون و یه‌كێكیش به‌ر چه‌قۆ دراوه.