گومان ده‌كرێت كۆرۆنا یه‌كه‌مجار له‌ به‌رشه‌لۆنه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدابێت

زانایانى ئیسپانى شوێنه‌وارى ڤایرۆسى كۆرۆنا COVID-19یان له‌ ئاوه‌ڕۆكانى شارى به‌رشه‌لۆنه‌ى ئه‌و وڵاته‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگى سێى ساڵى 2019.
له‌وباره‌یه‌وه‌ “خوان رامۆن فیلالبى” سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى ئیسپانى بۆ ته‌ندروستیى گشتى ئاشكرایكردوه‌، یه‌كه‌م نمونه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ له‌ ئاوه‌ڕۆكانى شارى به‌رشه‌لۆنه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ مانگى سێى ساڵى رابردو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ پێویستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى زیاتره‌ بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى.
له‌ ئه‌گه‌رى پشتڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و نمونه‌یه‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت بۆ یه‌كه‌مجار ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ ئیسپانیاوه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ نه‌ك چین.
لاى خۆیشیه‌وه‌ “ئه‌لبێرت بوش” سه‌رۆكى تیمى لێكۆڵه‌رانى كۆمه‌ڵه‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌، ئاستى بونی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ نمونه‌ وه‌رگیراوه‌كه‌ لاوازه‌، به‌ڵام پۆزه‌تیڤه‌.
شاره‌زایانى كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێیانوایه‌، بۆ یه‌كه‌مجار ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ 15-1-2020 له‌ شارى به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌ركه‌وتوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌نفلۆنزایه‌كى وه‌رزى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه‌، هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌لبێرت بوش ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ توشبوانى سه‌ره‌تاى كۆرۆنا وه‌ك ئه‌نفلۆنزاى ئاسایى تۆماركرابێتن و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌كه‌ نه‌ناسرابێت، ئه‌گه‌ر بناسرایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كى باشتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ په‌تاكه‌دا ده‌كرا”.
پێشتریش باس له‌وه‌كرا، شوێنه‌وارى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ ئاوه‌ڕۆكانى شاره‌كانى میلانۆ و تۆرینتۆى ئیتاڵیا دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ مانگى 12ى ساڵى 2019 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هەواڵی دواتر

هۆشیار زێباری جارێكی تر هێرش دەكات سەر دادگای فیدراڵی

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر دادگای فیدراڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .