جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت: ئه‌ركی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه لێكۆڵینه‌وه له بۆردومانه‌كه‌ى كونه‌ماسی بكه‌ن و ئه‌ركی ئێمه نییه هیچ بكه‌ین، له‌كاتێكدا ئه‌ركى وه‌زاره‌تی به‌رگریی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی عیراقیشه.
جه‌بار یاوه‌ر به ماڵپه‌ڕى هه‌واڵی “رۆژنیوز”ى وتوه “وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لێكۆڵینه‌وه له بۆردومانه‌كه‌ی كونه‌ماسی سه‌ربه شارباژێڕ له پارێزگای سلێمانی ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌ركی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ربكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه له‌سه‌ر سنور بێت ئه‌وا هێزی پاسه‌وانی سنوری سه‌ربه حكومه‌تی عیراق كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئه‌ركی وه‌زاره‌تی به‌رگریی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی عیراقه، ئه‌ركی ئێمه نییه هیچ بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بۆردومانانه”.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی هیچ لێدوانێكیان له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه نییه؟ ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت “به‌یاننامه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، ئه‌ركی ئێمه نییه بۆچونمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ریده‌كات، بۆچونی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانه”.
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه باس له‌وه‌شده‌كات، ئه‌و هێرشانه له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه ئه‌نجامده‌درێن، نه ئێمه سیستمی رادارمان هه‌یه كه ئاگاداری ناسنامه‌ی فڕۆكه‌كان بین و بزانین فڕۆكه‌ی كێن و له‌كوێوه دێن، نه هیچ دژه ئاسمانییهكمان هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان كه بتوانین روبه‌ڕوی ئه‌و بۆردومانانه ببینه‌وه.