ئارام باڵه‌ته‌یی وته‌بێژی فراكسیونی پارتی له په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وت بداته ده‌ست حكومه‌تی ناوه‌ندی و له‌به‌رانبه‌ردا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه بكات، به‌ڵام ئه‌وه عیراقه ئاماده‌نییه هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ربگرێت”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرال وتویه‌تی “حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو داتایه‌كانی له باره‌ی فه‌رمانبه‌رانی و دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره پێشكه‌ش به حكومه‌تی عیراق كردوه و عیراقیش تائێستا نه ئه‌و داتایانه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه و نه بڕیاری كۆتایشی داوه، ئێمه چاوه‌ڕێی بڕیاری كۆتایی به‌غداین، چونكه ئێستا چه‌ندین بژارده هه‌ن و بڕیاری كوتایی بۆ هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له بژارده‌كان به‌ده‌ست به‌غداوه‌یه”.
ئارام باڵه‌ته‌یی له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی بژارده‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش وتویه‌تی “ناتوانین باسی ژماره‌كان بكه‌ین، چونكه هێشتا ژماره‌یه‌كی دیاریكراو ده‌ستنیشان نه‌كراوه، یه‌كێك له بژارده‌كان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو داهاتی مه‌رزه‌كان و داهاتی ناوخۆ و داهاتی نه‌وت هه‌مووی بداته ده‌ست به‌غدا له به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی فیدراڵ چه‌ند پاره بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌كات، بژارده‌یه‌كی تریش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نیوه‌ی ئه‌و داهاتانه له‌گه‌ڵ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه بداته ده‌ست به‌غدا له به‌رانبه‌ردا به‌غدا چه‌ند پاره بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌كات. له‌ئێستادا ئه‌م هه‌ردوو بژارده‌یه هه‌ن و هه‌ردوولا له‌سه‌ر دیاریكردنی گوژمه‌یه‌كی پاره رێكنه‌كه‌وتون، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به 895 ملیار دینار هه‌یه ته‌نها بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی جگه له چه‌ندین خه‌رجی تر. له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ئاماده‌یی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه بۆ پێدانی ئه‌م بڕه پاره‌یه به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”.
ئارام باڵه‌ته‌یی له باره‌ی به‌ربه‌سته‌كانیش بۆ رێكنه‌كه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا ده‌ڵێت “ره‌نگه به‌ربه‌ستی سیاسیی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی رێكنه‌كه‌وتن بێت، چونكه زۆرێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان و لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كان فشار له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران دروست ده‌كه‌ن و هه‌ندێك كات بابه‌تی ته‌كنیكی ده‌بنه به‌ربه‌ست. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئێستا عیراق خۆی له قه‌یراندایه و زۆر زه‌حمه‌ته بۆ حكومه‌تی عیراق له‌ئێستادا پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجییه‌كانی دابین بكات”.
هه‌روه‌ها ئارام باڵه‌ته‌یی وته‌بێژی فراكسیونی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت وتی “ئێستا له‌هه‌ر كاتێك زیاتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وت بداته ده‌ست حكومه‌تی عیراق، به‌ڵام ئه‌و راستییه‌ی زۆر باس ناكرێت ئه‌وه‌یه حكومه‌تی عیراق خۆی ئاماده نییه هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ربگرێت، چونكه ئه‌م دۆسیه‌یه قه‌رزی له‌سه‌ره، پێش چه‌ند رۆژێكیش له كۆبونه‌وه‌یه‌كی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی په‌رله‌مانی عیراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وت، وه‌زیر خۆی دانی پێدانا، كه له به‌رژه‌وه‌ندی عیراقدا نییه هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ربگرێت، چونكه ئه‌و دۆسیه زۆر قه‌رزی له‌سه‌ره”.
له كۆتایی قسه‌كانیشیدا وتی “ئێمه وه‌ك نوێنه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به ئومێدین كه هه‌موو كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدرال و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ربكرێن”.