سەرکۆ جەمال
لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا زۆر دۆسیە لەلایەن میدیای پارتی و گۆڕان جوڵێندراون کە زۆرجار تەنها حاڵەت بوون یان قسەیەک کە بەوشێوەیە نەبووە دراوە بەسەر بەرپرس و پەرلەمانتارانی یەکێتیدا، بەڵام پارتی و میدیاکەی یاخود گۆڕان لە ڕابردوودا، زۆر زیرەکانە توانیویانە کەموکورتی حکومەت یان چەند حاڵەتێک کە نەک هەر جێی باس نەبووە بەڵکو هەواڵیش نەبووە بەسەر یەکێتیدا قڵپیان کردووەتەوە.
لە دواین نمونەوە دەستپێدەکەم کە ووتەی بەرپرسێکی یەکێتییە کە ئێستا وەزیری کشتوکاڵە، لە چاوپێکەوتنێکدا وتی لە ڕاستیدا ئەو تەماتەیەی ئێستا جوتیارانی کورد بەرهەمی دەهێنن تەماتەی دۆشاو نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت هەیە کە تۆوی کەمترە بۆ دۆشاو دەبێت، ئایا ئەم قسەیە چی شتێکی تێدایە کە کەموکوڕی 29 ساڵ حوکمڕانیی ئەم حکومەتە خرایە سەرشانی ئەم وەزیرە ژنە، میدیای پارتی و حزبەکانی دیکە زۆر زیرەکانە قسەکانی بێگەردیان ڕەش کرد، هەندێک لە میدیاکانی یەکێتیش کە زیاتر نافەرمین کوێرانە دوای قەرەباڵغی کەوتن و هیچیان لەوە کەمتر نەکرد کە میدیای پارتی و ئەوانی دیکه کردیان.. ئەمە یەکەمجار نییە میدیای یەکێتی کە بە دایکی زۆربەی میدیاکانی دیکە دادەنرێت بێ ئاگایانە نەک بەرگری لە کەسایەتیەکانی خۆی ناکات بەڵکو دوای میدیاکانی دیکه دەکەوێت، ئەمەش کەموکوڕی کادرانی میدیای یەکێتی نییە بە گشتی، بەڵکو بەرپرسانی میدیاییی یەکێتی زۆربەی کەسانی نامیدیایین، یاخود پاڵیان لێداوەتەوە و خەریکی کاری دیکەن، دەمێک بوو بە نیازبووم وتارێک لەسەر کەموکوڕی میدیای یەکێتی بنوسم، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کێشەی تر لەم وڵاتە زۆرە بە پێویستم نەزانی، ئەوە ئێستا ئەم مەسەلەی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران ناچاری کردم، لەکاتێکدا پێشتر کێشەی بەروبومی جوتیاران هەر هەبووە بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ و داخرانی شوێنە گشتییەکان زەقی کردەوە کە قەدەغەی هاتوچۆش دیارە کێ لێی بەرپرسە بەو شێوە نا مەنتقییەی کە هەیە.. بە هەلی دەزانم بڵێم پێویستە یەکێتی هاوشێوەی ئۆرگانەکانی دیکه پێویستە بە میدیاکانیشیدا بچێتەوە، یەکەم شت پەرش و بڵاوی دەزگاکانی نەهێڵێت و پوختی بکاتەوە بۆ چەند دەزگایەکی کەم و کاریگەر، میدیاش لە دەستی ئەوانە دەربهێنێت کە میدیا کاری دووەمیانە و تەنها بۆ خۆ گەورەکردن لە شوێنەکانیان ماونەتەوە، لەگەڵ پێزانینم بۆ هەندێکیان کە زۆر باش کاری خۆیان دەزانن بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان کەلەپچە کراون، زۆر شتی دیکه هەیە بەڵام ئێرە شوێنی ووتنیان نییە، من دەمێکیشە وەک کادری یەکێتی نەماوم و لە هیچ ئۆرگانێکی میدیایی فەرمی یەکێتیدا نییم، بەڵام پێم حەیفە کە میدیاییەک فێری ئەلفوبێی کاری میدیایی کردووم بەوشێوەیە ببینم، بۆیە پێویستە میدیا کە ئێستا کاریگەرترین چەکە لەناو یەکێتیدا کارا بکرێتەوە ئەو پارە زۆرەی لە میدیایی لابەلا و بێکاریگەر خەرج دەکرێت میدیایەکی بەهێزی پێ دروست بکرێت و میدیاکانی دیکەی یەکێتیش لەو خەوە قووڵە بەخەبەر بێنن و دەستێکی پیا بهێنن.