وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی قسەكانی رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، رونكردنەوە دەدات، دەڵێت هاوكارییە تەندروستییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشكراوە.
لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا ھاتووە “هاوكاریەكان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت یان هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی، بۆ هەموو شوێنەكان، لەسەر هەمان فەرمانی وەزاری بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشكراوە”.
ئاماژە بەوەشكراوە: “سەبارەت بە دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ، لەلایەن دەزگای (كیمادیا) بە سیستمێكی راستەوخۆ بۆ كۆگاكانی پارێزگاكان رەوانە دەكرێت، ئەگەر هاوكاری یان بەشەدەرمانی هەرێمی كوردستان بێت، بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر”.
وەزارەتی تەندروستی قسەكانی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بە چەواشەكردنی راستی و بوختان وەسفدەكات.
پێشتر رێزان شێخ دلێر ئەندامی پەرلەمانی عێـراق لەسەر فراكسۆنی یەكێتی رایگەیاندبوو، وەزارەتی تەنـدروستی عێراق هاوكاریی سلێمانی كردوە، بەڵام لە هەولێر ئەو هاوكاریانە بردراوە و نەدراوەتە سلێمانی.
دەقی رونكردنەوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان:..
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێكی پەرلەمانتاری عێراقی (ڕێزان شێخ دلێر) لە سۆشیاڵ میدیا گوایە هاوكاریەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق نەگەیشتووە بە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بكەینەوە كە هاوكاریەكان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت یان هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی بۆ هەموو شوێنەكان لەسەر هەمان فەرمانی وەزاری بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشكراوە.
سەبارەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن دەزگای (كیمادیا) بە سیستەمێكی ڕاستەوخۆ بۆ كۆگاكانی پارێزگاكان ڕەوانە دەكرێت ئەگەر هاوكاری یان بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان بێت بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر.
سەبارەت بە هاوكاریە ماددیەكانی تەندروستی عێراق كە بڕی (٥,٣) سێ ملیار و پێنچ سەد ملیۆن دینار بوو بۆ هەر پارێزگایەك (١) یەك ملیار دینار دانرابوو لەگەڵ (٥٠٠) ملیۆن دینار بۆ دیوانی وەزارەت بەڵام لەسەر فەرمانی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم تەنانەت ئەو بودجەیەش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخانكرا بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین. لەگەڵ ئەوەی چەندین جاری تر بوددجەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرزترین ڕێژە بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرجكراوە سەرەڕای دابینكردنی بوددجەكانی دیكەی زیادەكی تایبەت بۆ سلێمانی كە دواهەمین جاریان دوو هەفتە بەر لە ئێستا بوو بە بڕی (٢) دوو ملیار دینار لە لایەن بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕەوشی كۆڕۆنا لەم سنوورە دابینكرا، وە بودجەی تایبەت بۆ قەزای دەربەندیخان و قەزای پێنجوێن دابینكراوە لە كاتێكدا هێچ بودجەیەكی تری تایبەت بۆ هیچ پارێزگا و قەزایەكی تر دابین نەكراوە، هەموو ئەو بڕە پارانەش بە نوسراوی وەزارەتی دارایی تەرخان كراوە و دابەشكراوە.
لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم هاوكاری دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان،وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا تەرخان بكرێت بۆ شاری سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی هاوكاری و پاڵپشتیكردنی نێوان پارێزگاكان بەردەوام هەیە لە (مناقلە) كردنی هەر پێداویستیەك لە نێوان پارێزگاكان لە پێناو ڕانەوەستانی خزمەتگوزاریەكان وەكو تێستی تاقیگە و پێداویستیە پزیشكیەكان ئەمەش ئەم راستیە دەردەخات كە بۆ خزمەتگوزاری مرۆیی هیچ جیاكاریەك ناكرێت لە نێوان هیچ شوێنێك چونكە بۆ نەخۆش و هاوڵاتیە لە هەر شوێنێك بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم پەڕلەمانتارە بەڕێزە بۆ چەواشەكردنی ڕاستیەكان و شێواندنی ئەو خزمەتە گەورەیەی حكومەتی هەرێم لە پێناو دروستكردنی جیاكاری بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی شەقام بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆی هەوڵێكی نەزۆك دەدات بوختان و فیتنە بخاوتە ناو ئەم كارە مرۆییە پیرۆزە لە كاتیكدا دەیتوانی پرسیاری لە بەڕێز وەزیری دارایی بكردایە یان بەرپرسی كۆگای ناوەندی دەرمانی هەرێم كە هەر خۆی سەربەلایەنی فڕاكسیۆنەكەی خۆیەتی كە ئایا هاوكاری و پێداویستیەكان چۆن دابەشكراوە و یان ئاماژەی بە لێدوانەكانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بكردایە كە لە چاوپێكەوتنەكان چۆن سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەهاناوەهاتنی شاری سلێمانی، وە دوای ئەو لێدوانە لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێم بەڕێز (د. حسن التمیمی) نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو قسانەی بە ناوی بەڕێزیان كراوە.
لە كۆتاییدا ئومێدەواربووین كە ئەم بەڕێزە لە كاتی سەردانی بۆ لای بەرپرسانی عێراق هەوڵی دابینكردن و هاوكاری كردبا نەوەك داوای جیاكاری و شێواندنی ڕاستیەكانی كردبا ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی بە ئەرك و كاری خۆمانی دەزانین خزمەتگوزاری و پێداوستی بۆ هەموو هەوڵاتیەك لە هەرێمی كوردستان دابین بكەین لە هەمان كاتیشدا گرنگە هاوڵاتی بەرچاوی ڕوون بێت و ڕاستیەكان وەك خۆی بزانێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
9-7-2020