شیروان میرزا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت “ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادارین تا رێككه‌وتن نه‌كرێت هیچ پاره‌یه‌ك له به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان نانێردرێت، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت مانگى داهاتو رێككه‌وتن بكرێت”.
پێشتر ئیخڵاس دلێمى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عیراق له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاندبو، بڕیاره به‌منزیكانه به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه بكات و پێشكه‌وتن له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا دروستبوه، لێكتێگه‌یشتنی نوێ هه‌یه و هه‌واڵی تازه‌مان پێگه‌یشتوه.
له به‌رانبه‌ردا شیرواز میرزا ئه‌ندامى هه‌مان لیژنه به رادیۆ نه‌واى راگه‌یاند، له راستیدا رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا جۆرێك له ساردى تێكه‌وتوه و شاندی هه‌رێم ده‌مێكه چاوه‌ڕێى دیاریكردنى كاته بۆ كۆبونه‌وه‌كان بۆئه‌وه‌ى بچنه‌وه به‌غدا و ئاماده‌ى هه‌موو رێككه‌وتنێكن له‌سه‌ر دۆسێی نه‌وت و ده‌روازه سنورییه‌كان.
وتیشى “به بۆچونى ئێمه و ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادارین تا رێككه‌وتن نه‌كرێت هیچ بڕه پاره‌یه‌ك نادرێته هه‌رێم، رێككه‌وتنه‌كه دوو به‌شه، به‌شێكى له‌سه‌ر نه‌وته كه هه‌ردوولا ناكۆكییان نییه، به‌شێكى تر‌ى له‌سه‌ر بڕى ئه‌و پاره‌یه‌یه، كه هه‌رێم داواى ده‌كات و ئه‌و بڕه‌ى به‌غدا ئاماده‌یه بیداته هه‌رێم ناكۆكییان هه‌یه و نه‌گه‌یشتون به رێككه‌وتن”.
شیروان میرزا په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه، نێوه‌ندگیریى باش هه‌یه و خه‌ڵكێك هه‌یه ده‌یانه‌وێت هه‌رێم و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن، له راستیشدا هه‌ردوولا پێویستییان به‌و رێككه‌وتنه هه‌یه “پێشبینى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م له مانگى داهاتودا بگه‌نه رێككه‌وتن”.