به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی داوا له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات موچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دابه‌شبكات، ترسی هه‌یه دابه‌شنه‌كردنی موچه دۆخی پارێزگاكه به‌رامبه‌ر كۆرۆنا خراپ بكات.
دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ئێستادا له سلێمانی له دۆخێكی كارگێڕیی خراپدان و ژماره‌یه‌كی زۆر له پزیشكان مانیان گرتووه و ده‌رگای به‌شێك له نه‌خۆشخانه‌كان داخراون و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی له ئاستێكی خراپدایه، بۆیه داوای له حكومه‌تی هه‌رێم كرد به زوویی موچه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی دابه‌شبكات و وه‌زاره‌ته‌كه به‌ده‌ر بكات له‌و سیستمه‌ی، كه هه‌یه بۆ دابه‌شكردنی موچه و له‌كاتی خۆیدا موچه وه‌ربگرن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی سلێمانی مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌بوو دابه‌شنه‌كردنی موچه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆخی پارێزگاكه به‌رامبه‌ر به په‌تای كۆرۆنا هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی له ئێستادا دۆخی سلێمانی له‌رووی بلاوبونه‌وه‌ی په‌تاكه له‌دۆخێكی جێگیردایه.
دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی پرۆژه‌ی رێكخراوێكیشی راگه‌یاند، كه ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خشی كه‌رتی ته‌ندروستیی بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ده‌خاته سه‌ر كار له‌ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی سلێمانی، داوایكرد ماوه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه درێژبكرێته‌وه.