كۆمپانیای ماهان سەربە هێڵی ئاسمانیی ئێران دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ پێنج فڕۆكەخانەی عیراق و هەرێمی كوردستان راگەیاند.
لەوبارەیەوە پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیای ئاسمانیی ماهان رونكردنەوەی داوە و دەڵێت “یەكێك لە مەرجەكانی رازی بون بە هاتوچۆی گەشتیاران لە هێڵی ئاسمانیی ئێرانی-عیراقی بونی پشكنینی پێشوەختەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە 48 كاتژمێر پێش گەشتەكە ئەنجامدرابێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاستكرابێتەوە بەوەی نێگەتیڤە”.
هەروەها ئەوەش رونكراوەتەوە، گەشتیارەكان كاتێك دەگەنە فڕۆكەخانەكانی عیراق، لەرێی كامێراوە پشكنینی پلەی گەرمایان بۆ دەكرێت و هەر كەسێك گومانی لێبكرێت، ئەوا لەسەر خەرجی خۆی لە فڕۆكەخانەدا كەرەنتین دەكرێن.
سەبارەت بە گەشتیارانی عیراقیش، پێویستە پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت و لە 92 كاتژمێر زیاتر بەسەریدا تێنەپەڕیبێت، هەروەك دەبێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاستكرابێتەوە، كە گەشتیارەكە كۆرۆنای نییە.
بەگوێرەی رونكردنەوەكە، گەشتەكانی نێوان ئێران و عیراق هەر پێنج فڕۆكەخانەی بەغدا، نەجەف، بەسڕە، هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.